کۆمەڵێک پەرلەمانتار داوای کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە دەکەن

کوردستان 06/04/2021

Alternate Text

 پەرلەمانتارێکی کوردستان  رایدەگەیەنێت، داوایان کردووە بابەتی لێبڕینی مووچە لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتاری کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ BMC رایگەیاند :"بە پێی مادەی ٤٨ی بڕگەی چوارەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کوردستان دەتوانرێت داوای زیادکردنی بڕگەیەکی بەرنامەی کار بکرێت، سەرۆکی فراکسیۆن و پەرلەمانتاران یاخود سەرۆکی پێکهاتەکان دەتوانن ئەو داواکارییە ئاڕاستە بکەن".
راشیگەیاند:"ئەمڕۆ ژمارەیەک پەرلەمانتار  داوامانکردووە بابەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران بخرێتە بەرنامەی کارەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ١٧ پەرلەمانتار ئیمزامان لەسەر یاداشتێک کردووە و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کردووە".
جەختیلەوەشکردەوە:"پێمان وایە لە ئێستادا ئەرکی پەرلەمانی کوردستان چاودێریکردنی ئەو رێکەوتنەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کردوویەتی".
ئاماژەی بەوەشکرد:"بە وتەی وەفدی دانوستانکارو زۆرێک لە لایەنەکان رێکەوتنی نێوان بەغداد و هەرێم رێکەوتنێکی زۆر باشە و دەسکەوتێکی گەورەیە، بۆیە ئێمە پێمان وایە گەر بەڕاستی دەستکەوتەکە ئەوەندە گەورە بێت لانیکەم دەتوانرێت کۆتایی بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بهێنرێت".
پەرلەمانتارەکە راشیگەیاند:" بە گرنگی دەزانین ئەم بابەتە لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا بخرێتە بەرنامەی کارەوە، پێشمان وایە دەبوو سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆیان ئەم بابەتە بخەنە بەرنامەی کارەوە بەڵام بەداخەوە نەیانخستووە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا