سەرکردەیەک، هاوسەنگی هێزی لە عێراقدا راگرت

ڕاپۆرت 06/04/2021

Alternate Text

جەلال تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال، دوای ئازادكردنی عێراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵدەبژێردرێت، لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٣دا سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات و لەو ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسووڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشان دا و لەداڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

لەقۆناغێکی نوێی و هەستیار لەوکاتەی کە گۆڕانکارییەکان زۆر بە خێرا ڕوویاندەدا، ١٦ ساڵ پێش ئێستا و دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس، کەسایەتییەکی کورد بۆ یەکەمجار بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق. مام جەلال لەوکاتەدا پۆستێکی تەشریفاتیی کە سەرۆک کۆماری عێراق بوو کرد بە پۆستێکی کاریگەر و عێراقی نوێی بونیاد ناو، هەموو نەتەوە و بیروڕا جیاوازەکانی لە سەر مێزی گفتگۆ کۆکردەوە و کۆتایی بەزۆربەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق هێنا و هاوسەنگی و باڵانسی هێزی لەو وڵاتەدا ڕاگرت.

لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥ مام جەلال ٢٢٧ دەنگی لە كۆی ٢٤٨ دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقی بە دەست هێنا و به ‌هەڵبژاردنێكی ڕاستەوخۆ به ‌یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عێراق هەڵبژێررا.

تاڵەبانی شەشەم سەرۆک کۆماری عێراق بوو کە وەک یەکەم کورد لە جیهاندا پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتێکی گرتە ئەستۆ، مام جەلال زیاتر لە ٥٠ ساڵ داکۆکیکاری ماف و دیموکراسیی کورد بوو لە عێراق، سیاسەتی حەکیمانە و پەیوەندییەکانی هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی هەموو لایەن و هێزە ناکۆکەکان گوێی لێبگرن، قسە و بڕیارەکانی مام جەلال سەنگ و بەها و قورسایی خۆی هەبوو.

تاڵەبانی بە هۆی لێهاتوویی و لێزانی لە گفتگۆ و قسەکردن لەگەڵ لایەنەکان و دانانی سەرکردەی هێزە شێعە و سوونەکان لەسەر مێزی گفتگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەردەوام باسدەکرا بەجۆرێک لە یەکێک لە گفتوکانیدا، عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە دەڵێت، "جەلال تاڵەبانی ئێمە و سونەکانی بۆ خوانی ئێوارە بانگهێشت دەکرد و نەیدەهێشت کە بەرلەوەی ئێمە بگەینە ئەوێ یان کاتێک لەوێ بین ناکۆکی و ساردی نێوان لایەنەکان ببێتە هۆی تێکدانی کۆبوونەوەکان و هەموومانی لە شوێنێکدا کۆدەکردەوە." تاڵەبانی یەكێك بوو له ‌بزوێنەرە سەرەكییەکان بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان له ‌نێو ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین، هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندیی بە ڕێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عێراقییەوە هەبوو، میوانداریی زۆربەی زۆری هێزە عێراقییەكانی كرد‌وە لە كوردستان و پشتگیریی هەمە جۆر‌ی كردوون.

لە سەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتییش، سەرۆك تاڵەبانی بەشداریی چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی كردەوه و چاوی بە سەركردە سیاسییە نێودەوڵە‌تییەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتوە.

مام جەلال جگە لەوەی یەكێك بوو لە سیاسی و دیپلۆماسی و ڕۆژنامەنووسە‌ دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریش بوو چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە، كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لەبواری مێژووی جووڵانەوەی سیاسی كوردی و عێراقیدا. بێجگە لەوەی كەسایەتییەكی سیاسییە، خەباتگێڕێكی هۆشمەند و نووسەر و یاساناس بووە، وەك ڕۆژنامەنووسێكیش لە ڕۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لە ساڵی ١٩٥٩ بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراقی هەڵبژێررا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.

لە ١٧ ی ١٢ی ٢٠١٢ مام جەلال لە بەغداد تووشی جەڵدەی مێشك بوو، بۆ چارەسەر گەیەنرایە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی ئەڵمانیا، لەدوای ململانێیەکی زۆر لە نەخۆشییەکە لە ڕۆژی ٣ی ١٠ی ٢٠١٧ لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد، تەرمەکەی هێنرایەوە کوردستان و لەسلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.

نەمانی مام جەلال لە کایەی سیاسی عێراق گۆڕانکاری زۆری دروستکرد و باڵانسی سیاسی و باری ئارامی و ئاساییشی عێراق بە گشتی تێکچوو و هەتا ئێستاش هیچ کەسێک نەیتوانیوە ئەو باڵانسە بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و عێراقی کاتی تاڵەبانی و عێراقی ئێستا وەک دوو جەمسەری دوور لەیەکن و جیاوازه.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا