بە ئامانجی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو راگیراوان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڕیاریدا تا کاتێکی نادیار سەردانیکردنی راگیراوان قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٦ی نیسانی ٢٠٢١، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە BMC راگەیاند:" بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای رووبەڕوونەوەی کۆرۆنا و لە پێناو سەلامەتی راگیراوان، لەمڕۆە سەردانیکردنی راگیراوان لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕین تا کاتێکی نادیار قەدەغەکراوە ".
ناوبراو راشیگەیاند:" هەر کاتێک رێنمایی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکرا، ئەوکات بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی سەردانیکردنی راگیراوان دەدەین ".
پێشتر کەسوکاری راگیراوان لە هەفتەیەکدا تەنها یەک جار و بە تایبەت لە رۆژانی پێنجشەممە دەیانتوانی سەردانی راگیراوان بکەن، بە جۆرێک پێنجشەممەیەک بۆ ژنان و پێنجشەممەی دواتریش پیاوان بۆیان هەبوو سەردانی راگیراوان بکەن ".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو تیمەکانی تەندروستی راپەڕین پشکنینیان بۆ راگیراوان ئەنجامدا و تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان نەهاتووەتەوە ".