کۆسرەت رەسوڵ: مام جەلال چەتری کۆکەرەوەی هەموو عێراقییەکان بوو

کوردستان 06/04/2021

Alternate Text

لە ساڵیادی هەڵبژاردنی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆکی کوردی عێراق، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی نیسان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، لە ساڵیادی هەڵبژاردنی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆکی کوردی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: 

لە ساڵیادی بوونی مام بە سەرۆک کۆمار
ئەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عێراق، ئەو ڕۆژەی لە کەشێکی دیموکراسی و لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس سەرکردەیەکی کورد بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لەمێژوودا.
لەم یادەدا، لەو ڕۆژەی کە مام جەلالی هەموو کورد، ئەو مام جەلالەی کە لێبووردنی بەعس تەنهاو تەنها ئەوی نەگرتەوە، بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا چەتری کۆکەرەوەی هەموو عێراقییەکان بوو، ستراتیژو پلانی عێراقێکی دیموکراسی و فیدرالی و پێکەوەژیانی بەبێ جیاوازی داڕشتبوو و کاری بۆ دەکرد، خەونی بوو عێراقی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس عێراقێکی دیموکرات و فیدرال بێ و هەموو عێراقییەکان لە سایەی بحەسێنەوە.
ئەمڕۆ کە ساڵیادی ئەم ڕووداوە گرنگە مێژوویە دەکەینەوە، لە کوردستان و عێراق لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە حیکمەت و سیاسەتەکانی مام جەلال هەیەو پێویستە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوەو چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بکەن و کوردستان و عێراق بگێڕینەوە سەر ئەو ڕێچکە ڕاستەی کە مام جەلال و هەڤاڵەکانی خەباتمان بۆی کرد.
٦ی نیسان، ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عێراق بە دەرفەت دەزانم بڵێم: ئەو ڕۆژە بۆ هەموو کوردێک مایەی شانازییە، بۆ من وەک هاوڕێ و هاوخەباتێک مایەی شانازییەکی گەورە بوو کەدوای ساڵانێکی زۆر لە خەبات مام جەلالی براو هەڤاڵی خۆم لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار بینی، ئەو مام جەلالەی لە ئەشکەوت و گوندو دێهاتەکانی کوردستان خەباتی نهێنی دەکردو دەجەنگاین لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و ڕزگارکردنی عێراق لە حوکمی دیکتاتۆری، دواجار مام جەلال بوو بە سەرەڕمی ئەو ئازادییەو یەکەم سەرۆک کۆماری کوردیش بوو ناوی چووە مێژووی بنیاتنانەوەی عێراق و ڕزگارکردنی کوردستان.
کۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا