ئەمڕۆ لەسەر رێگای دووکان-سلێمانی لە رووداوێکدا لە جۆری پێکدادان لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا ١٣ کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی نیسان، بەهمەن عەبدوڵا، ئەفسەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە BMC راگەیاند:" بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە سەر رێگای دووکان-سلێمانی لە جۆری پێکدادان ١٤ کەس برینداربوون".
وتیشی:" رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی پیک ئاپ و پاسێکی گرتوخانەی سوسێدا بووە کە کارمەندانەی گرتووخانەکەی گواستووەتەوە بۆ دەوامەکانیان، هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیک ئاپەکە ویستویەتی لە شوێنی هەڵەدا پێچ بکاتەوە، کە لە ئاکامدا پاسەکە خۆی پێنەگیراوەتەوە و راستەوخۆ خۆی پێداداوە، بەهۆی رووداوەکەشەوە دوو سەرنشینی پیک ئاپەکە و ١٢ سەرنشینی پاسەکە برینداربوون".
لەلایەکی دیکەوە، د.سامان نادر، بەڕێوەبەری بەشی فریاگوزاری نەخۆشخانەی شار بە BMC راگەیاند، هەشت لە بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی ئامبولانسی نەخۆشخانەی شار گوازراونەتەوە و لەو ژمارە بریندارەش دووانیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە".