بەپێی فەرمانێکی قوباد تاڵەبانی ٩٥٨ پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لەکەلار دابەشدەکرێت، ٤٢٧ زەویش لە ناحیەی رزگاری تاپۆ دەکرێن.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ٨ی نیسانی ٢٠٢١، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و بە چاودێری جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە رێوڕەسمێکدا لە شاری کەلار ٩٥٨ پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی ئەنفال دابەشبکرێت.
هاوکات، بڕیاریشدراوە لە ناحیەی رزگاری ٤٢٧ تاپۆ ببەخشرێتە ئەو سودمەندبوانەی پێشتر ژمارەی کاتی زەوییان پێدراوبوو.
بەپێی فەرمانی ژمارە ٨٦٩ لەبەرواری ٢١/٢/٢٠١٨ بە ئیمزای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بریاردرا بە تەرخانکردنی پارچەی زەوی نیشتەجێبوون لەسنوری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کەخۆی لە ٥٠٦٩ دەبینێتەوە.