بەرەبەیانی ئەمڕۆنارنجۆکێک ئاڕاستەی ماڵی فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی ١٢ی پارتی کرا، بەڵام کەوتە ناو ماڵی دراوسێکەی و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی نیسان، لە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکدا، ماڵی فازڵ بەشارەتی لە هەڵەبجە بە نارنجۆکێک کرایە ئامانج، بەڵام بە وتەی خۆی نەکەوتووەتەوە ماڵەکەی ئەوەوە بەڵکو کەوتووەتە ناو ماڵی دراوسێکەی و تەنها زیانی ماددی هەبووە.
لەو بارەیەوە ناوبراو رایگەیاند:" ئەنجامدەرانی ئەو کارە لە رێگەی ماتۆرسکیل کارەکەیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شڵەژاون شکستیانهێناوە و هەڵیانداوەتە ناو ماڵی دراوسێکەی کە خۆشبەختانە لەو کاتەدا لە ماڵ نەبوون و تەنها زیان بەر پەنجەرە و ئۆتۆمبێلی ماڵەکە کەوتووە".
بە وتەی، فازڵ بەشارەتی گومانی هەیە کە رووداوەکە بەهۆی لێداونێک بێت کە لە ماوەی رابردوودا بۆ یەکێک لە راگەیاندنەکان یاویەتی و ئەوەشی وتووە کە کارەکە لای ئەو ئاساییە و سکاڵای لەسەر هیچ کەس نییە، بەڵکو داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەرانی کارەکە بدۆزنەوە.