قوباد تاڵەبانی لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی هاتەدەنگ و ئاماژەی بەوەکردووە، رێگریکردن لێیان قابیلی قبوڵکردن نییە.
ئەمڕۆ هەینی ٩ی نیسان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی..
دڵنیاییەک بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان
لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە.
من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.
ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١ هەزار و ١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.
هەمیشە دڵسۆزتان
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.