وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژانی مانگی
رەمەزان گۆڕانکاری لە شێوازی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی نیسان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی
حکومەتی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند:" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای
رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە
ڤایرۆسی کۆرۆنا دەردەکرێت، بە تایبەت گۆڕانکاری لە شێوازی جێبەجێکردنی قەدەغەی
هاتوچۆ و گونجاندنی لەگەڵ مانگی رەمەزاندا".
ناوبراو راشیگەیاند:" وەزارەتی ئەوقاف پێشنیازی خۆی
لەبارەی کردنەوەی مزگەوتەکان پێشکەش بە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا
دەکات و بە پێی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە و لە پێناو سەلامەتی گشتی بڕیاری نوێ دەدرێت
و شێوازی خواپەرستیش لە مانگی رەمەزان لەبەرچاو دەگیرێت ".
لەبارەی جێبەجێنەکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی وەزیری
ناوخۆ وتیشی:" لەشەوی یەکەمی قەدەغەی هاتوچۆ وەک پێویست لە سلێمانی جێبەجێ
نەکرا، دواتر لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکە قسەمانکرد و رۆژانی دواتر رێککارەکان توندتر بوون ".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ئێستادا ژمارەی بەردەستی
ڤاکسینی کۆرۆنا بەشی سەرجەم هاوڵاتیان ناکات و تەنها بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە
لە هێڵی پێشەوەی بەرکەوتن لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەدان، بەڵام لەکاتی بەردەستبوونی ژمارەیەرکی زۆر لە ڤاکسینە، وەرگرتنی دەکرێت بە
زۆرەملێ ".