یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ پێشنیاری پەروەردەن بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی خوێند، بەڵام بە چەند مەرجێک.
ئەمڕۆ یەکشەمە ١١ی نیسان عومەر گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنگرەیەکدا رایگەیاند:" وەزارەتی پەروەردە پێشنیاری بە ئەلیکترۆنی کردنی پڕۆسەی خوێندنی کردووە بە شێوەیەکی کاتی، ئێمەش بە چەند مەرجێک لەگەڵ ئەو پێشنیارەین".
جەختیلەوەشکردەوە:" ئێمە داوامان کردووە بە هیچ شێوەیەک خوێندنی ئەمساڵ رانەگیرێت و لەو شوێنانەی هێڵی ئینتەرنێت و کارەبا تێیاندا خراپە لانی کەم هەفتەی دوو بۆ سێ رۆژ دوام لە خوێندگاکانیدا بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد:" پێویستە سەرجەم تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لەناوەندەکانی خوێندندا بەڕێوەبچێت".
عومەر گەرمیانی لە کۆنگرەکەدا ئەوەشی خستەروو، بریاری بە ئەلیکترۆنیکردنی خوێندن بریارێکی ناچارییە.
راشیگەیاند:" چەند ساڵێکە مامۆستایان بەدەست لێبڕین و دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێن و داوا دەکەین مامۆستایان لەو دۆخە ناهەموارە رزگار بکرێن".
ووتیشی:" تا ئێستا پاداشتی مامۆستایانی هەولێر و دهۆک بەرامبەر چاودێریان لە هۆڵە ئەزموونییەکانی ساڵی پاردا نەدراوە و داوا دەکەین بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بە هیچ شێوەیەک رێگا نادەن خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت.