قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا دووپاتکردووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی بۆ ئەو مەبەستە راسپاردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی نیسانی ٢٠٢١، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە بەسەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری هەرێم سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، رایگەیاند:" رێکكەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند لەدەرئەنجامی کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا بووە، زۆر بەڕاشکاوانە گفتوگۆمان کرد لەسەر پرسەکانى تایبەت بەماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پرسی بودجە، داهات، خەرجییەکان وچۆنییەتی جێگیركردنی بڕگەیەك لە یاسای بودجەدا كە قابیلی جێبەجێكردن بێت ".
لە رۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغدا، توانرا پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق پەسەندکرێت، بەوەش بەشێکی زۆری گرێکوێرەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند کرانەوە.