لە رەمەزاندا رێگری لە گرانبوونی نرخەکان دەکرێت؟

کوردستان 12/04/2021

Alternate Text

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی بڕیاریدا لە رەمەزاندا لیژنەکانی قائیمقامیەت رێگری لە قۆرخکاری بازاڕ بگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی نیسان، لە بڵاوکراوەیەکی هەژماری پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەکراوە:" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لیژنە باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانیدا بڕیاردراوە لە مانگی رەمەزاندا لیژنەکانی قائیمقامیەت رێگری لە هەموو جۆرە قۆرخکارییەکی ناوبازاڕ بگرن و بەوردی چاودێری بازاڕ بکەن".

دەقی بڵاوکراوەکەی پارێزگای سلێمانی:

ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبۆوە، بەمەبەستی دیاریکردنی ڕێکارەکانی بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارو ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو ڕێکخستن و چاودێریکردنی بازاڕو شوێنە گشتیەکان بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی (١١/ ٤/ ٢٠٢١)ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرایەوەو میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دیاریکران، بەتایبەتی بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی.
یەکە کارگێڕییەکان و لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەت لە یەکە کارگێڕییەکاندا بەوردیی چاودێریی بازاڕو نرخی کاڵاو کوالیتی و قەبارەی خستنەڕووی پێداویستیەکانی خەڵک و هەر سەرپێچی و قۆرخکارییەک دەکەن و ڕێکاری پێویستیان لەبەرامبەردا دەگرنەبەر.
پێویستە هەموو شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزو بەپێی ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان کاربکەن و هەموو ئەو بڕیارو ڕێکارانەی بۆ ئەم مەبەستە بەپێی سێکتەرەکان پێویستن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا جێبەجێ دەکرێن و سەرپێچیکار سزا دەدرێت.
بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای پارێزگای سلێمانی و خاوەن موەلیدە ئەهلیەکان بەشێوازێکی گونجاو بەرنامەی پێدانی کارەبا ڕێکخراوە، کە لەگەڵ تایبەتمەندیی مانگی ڕەمەزان و پێداویستی هاووڵاتیاندا بگونجێت.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر خۆپارێزیی هاووڵاتیان و پێویستی وەرگرتنی پێکوتەی تایبەت بە کۆرۆناو ئامادەیی دامەزراوە تەندروستیەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی چارەسەرسازیی بە هاووڵاتیان کرانەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا