لە پەیامێکدا، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی پیرۆزباییەکی ئاڕاستەی ئێزیدییەکانی کوردستان و جیهان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١. بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی بەبۆنەی چوارشەممەی سۆری ئێزیدییەکان پەیامێکی ئاڕاستەی ئێزیدییەکان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و جیهان دەکەم و هیوادارم جەژنێکی پڕ خۆشی و کامەرانیتان هەبێت.
کوردانی ئێزیدی پێکهاتەیەکی گرنگ و کاریگەری کوردستانن و وڵاتەکانمان بە ئەوانەوە جوانتر و فرەڕەنگترە.
ئێمە ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزدیمان لەیاد نەکردووە، دەزانین لە رابردوودا زوڵم و ستەمێکی زۆریان بەرامبەر کراوە و قوربانی زۆریان داوە. بۆیە بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵەکانمان لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان چڕ بکەینەوە و هەنگاوی جدی بنێین بۆ گەڕانەوەی ئەو ئازیزانەمان کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دەمەوێت بەڵێنی خۆم بۆ سەرجەم خوشک و برایانی ئێزیدی دووپات بکەمەوە کە خۆم بە پاڵپشت و هاوکاری ئێوە دەزانم و پشتیگیری داوا ڕەواکانتان دەکەم. جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم جەژنەتان لێدەکەم و هیوادارم کاتێکی خۆش و ئارام بەسەربەرن.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان