شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئومێدەوارم هەموو ساڵێک خوشک و برایانی ئێزیدی لەسایەی ئازادی بیر و باوەڕدا جەژن بکەن

کوردستان 13/04/2021

Alternate Text

بەبۆنەی هاتنی چوارشەممەی سوور، سەری ساڵی ئێزیدییەکان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێزیدییەکان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی نیسان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێزیدییەکان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی: 

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کوردانی ئێزیدی و جەژنی(چوارشەممەی سوور)ەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان لە کوردستان و تەواوی جیهان دەکەم، ئومێدەوارم هەموو ساڵێک خوشک و برایانی ئێزیدی لەسایەی ئارامی و ئازادی بیر و باوەڕدا جەژن بکەن، جەژنی ئەمساڵیشتان ببێتە هەوێنی کۆتایی هاتنی ئازار و نەهامەتییەکان.

خوشك و برایانی ئێزدی پێکهاتەیەکی رەسەن و گرنگی نەتەوەکەمانن، لەم بۆنەیەشدا جارێکی دیکە هەڵوێستی نەگۆڕمان لە پشتیوانیکردنیان دووپات دەکەینەوە، داواکارین هەوڵی جددی بخرێتەگەڕ بۆ ئاشکراکردنی زانیاری لەسەر ژیانی کچان و ژنان و پیاوانی رفێندراوی ئێزیدی کە بەر لە حەوت ساڵ لەسەر دەستی داعشی تیرۆریست گەورەترین تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدرا و روبەڕوی گەورەترین نەهامەتی و ماڵوێرانی بوونەوە، تائێستاش چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە، هاوکات داوای دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و سەربەرز و ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ناوچەکانیان دەکەین، بەتایبەت قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی جینۆسایدی ئێزیدی و شنگالییەکان.

هەر لە جەژن و خۆشی و ئاشتیدا بژین.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا