وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە بارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە رایگەیاند، ئەگەر ئێستا دەرفەتت هەبێت بۆ وەرگرتنی لەوانەیە دواتر نەتوانی بە ئاسانی وەریبگری.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند:" پارساڵ لەو کاتانە هیوای هەموومان ئەوە بوو کەی ڤاکسین بەرهەم دێت ، ئێستا کەلەبەردەستە بەڵام دوودڵی لەوەی وەریبگری ، ئەو ڤاکسینەی بەردەستە ئەمە باشترینە ، ئەگەر ئێستا دەرفەتت هەبێت بۆ وەرگرتنی لەوانەیە دواتر نەتوانی بە ئاسانی وەریبگری".
وتیشی:" زۆربەی ووڵاتە زلهێزەکان کێشەی رێژەی دابینکردنی ڤاکسینیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان ، بۆیە هەموو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رێنمایی دایە هاوڵاتییان:" تکایە ناوی خۆت تۆمار بکەو بۆ رۆژی دواتر بڕۆ ڤاکسینەکەت وەربگرە و کەسانی بە ساڵاچوانت هاندە بۆ وەرگرتنی ، چاوەڕوان مەکە بۆ ئاگادارکردنەوە ، لە هەمان کات مەڵێ ئەم جۆرە نا و ئەم جۆرە ، ستافی راهێنراو رێنماییەکانت بە دروستی پێدەڵێن پێش و دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکەت".