بەڕێوەبەری دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری نەناردنەوەی رووفاتی ١٧٢ ئەنفالکراو بۆ هەرێم نەگەڕانەوە ئەنجامی پشکنینی DNAی کەسوکاری ئەو شەهیدانەیە.
تارق جیهانبەخش، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق رایگەیاند:" لەنێو گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شاری سەماوە تەرمی ١٧٢ کەسی خەڵکی گەرمیان دۆزرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەنجامی پشکنینی DNAی کەسوکاری ئەو شەهیدانە نەگەیشتووەتەوە دەستمان، تەرمەکانمان رەوانەی هەرێم نەکردووەتەوە".
ناوبراو راشیگەیاند:" پاش وەرگرتنی ئەنجامی پشکنینەکانی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێم و بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەو پشکنینانەی دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق بۆ ئەو تەرمانەی کردووە، کەسوکاریان دەدۆزرێتەوە و لە رێوڕەسمێکدا تەرمەکان رەوانەی هەرێم دەکەینەوە ".
هاوکات، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق داوای لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان کرد پشکنینی DNA بکەن و ئەنجامەکانیان بۆ بنێرنەوە.