دوای رووداوەکانی شەوی رابردووی هەولێر، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە.
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند:" هێرشەکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەولێر وەک قەڵا قایم و وەک وورەی پێشمەرگە بەهێز و خۆڕاگرە".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا:" شاری قەڵا و مەنارە هەولێرە دیارە ئێرە
شاخی بەرزو بەفرینە دەشت وچیمەن زەنوێرە".
ئەمە لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی رابردوو ١٤ی نیسان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان سەنتەرێکی تایبەت بە هاوپەیمانانی لە ناو فڕۆکەخانەی نێدەوڵەتی هەولێر کردە ئەمانج و میلیشیایەکی سەر بە ئێران بەرپرسیارێتی کردەوەکەی گرتووەتە ئەستۆ.