ئەمریکا جۆرە ڤاکسینێک بۆ هەرێم دەنێریت کە خۆی بەکارهێنانی راگرتووە

کوردستان 17/04/2021

Alternate Text

بڕیارە حکومەتی ئەمریکا بڕێک ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن رەوانەی هەرێم بکات و بەسەر پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکان دابەشی بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی ئەمریکا بەهۆی لێککەوتە خراپەکانییەوە، بەکارهێنانی ئەو جۆرە ڤاکسینەی راگرتووە.

ئەمڕۆ شەممە، ١٧ی نیسان، سەرچاویەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە BMC راگەیاند:" بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و بە تایبەت لیوا هاوبەشەکانی ئەو وەزارەتە، بڕێک ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات و بەسەر پێشمەرگەکانی ئەو لیوایانە دابەشی بکات ".

بە مەبەستی بەدواداچوونی زیاتر بۆ بابەتەکە BMC پەیوەندی بە د. رێبین جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد، سەرباری ئەوەی ناوبراو بە بیانووی نەبوونی رێگەپێدان بۆ قسەکردن لەسەر بابەتەکە وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە، بەڵام هەواڵەکەی رەتنەکردەوە و وتی " جارێ تەنها پێشنیارە ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی توشبوون بە جەڵتەی خوێن لە پاش بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن، رۆژی ١٣ی نیسان حکومەتی ئەمریکا بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینەی راگرت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا