نەخۆشخانەی پسپۆڕی نەشتەرگەری- سەنتەری دڵ لە هەولێر رایگەیاند،
بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک بەهۆی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەکە
دوورە لە راستییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی نیسان، نەخۆشخانەی پسپۆڕی نەشتەرگەری- سەنتەری دڵ لە هەولێر
لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:" بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی
هاوڵاتییەک بەناوی (جەلال عەزیز) بەهۆی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی پسپۆڕی
نەشتەرگەری- سەنتەری دڵ دوورە لە راستییەوە، بەڵکو ئەو هاوڵاتییە دوو رۆژ پێش
ئەوەی بهێندرێتە نەخۆشخانە توشی جەڵتەی دڵ ببو ".
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە:" کاتێک ئەو هاوڵاتییە بەهۆی
توشبوونی بە جەڵتەی دڵ گەیەندرایە نەخۆشخانە، قەستەڕەی دڵی بۆ کرا و لە ژێر
چاودێری پزیشکیدا مایەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستی نەخۆشەکە
توشی پەککەوتنی دڵ بوو و لەئەنجامدا گیانیلەدەستدا ".