شەپۆلێکی دیکەی گازی ژەهراوی گەیشتە ئاسمانی هەرێم

کوردستان 18/04/2021

Alternate Text

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی تەقینی گڕکانی "سان ڤینست" لە دوورگەی خۆرئاوای زەریای ئەتڵەسی و دەریای کاریبی، شەوی رابردوو گازێکی ژەهراوی گەیشتە ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی نیسان، ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بە BMC راگەیاند:" بەهۆی تەقینی گڕکانی (سان ڤینست) لە دوورگەی خۆرئاوای زەریای ئەتڵەسی و دەریای کارینی، شەوی رابردوو گازێکی زۆری کبریتی S02  ئاسمانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوە، بەڵام  زۆر بە سووکی کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو و هاوشێوەی شەپۆلی گڕکانی (ئیتنا) بوو ".

ناوبراو راشیگەیاند:" هاتنی ئەو گازە تا رادەیەک کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێت و ماوەی مانەوەشی لە ئاسمانی هەرێم پەیوەستە بە ئاستی خێرایی با، ئەگەر ئاستی با خێرابێت گازەکە زووتر لەسەر ئاسمانی ناوچەکە نامێنێت ".

ئەوەشی خستەڕوو :" بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان چەندین کارگە بوونی هەیە و پشت بە سەرچاوەی وزە تەقلیدییەکان دەبەسترێت، لە بنەڕەتدا ئەو گاز ژەهراوییە لە ئاسمانی هەرێمدا بوونی هەیە و کاریگەری لەسەر دانیشتوانەکەی نابێت ".

ئاماژەی بەوەشکرد:" رەنگە گازە کاریگەری لەسەر وڵاتی سعودیە هەبێت، لەبەر ئەوەی لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی بارانبارین رووی لەو وڵاتە کردووە و ئەگەرینی بارینی ترشە باران هەیە، کە ئەویش زیانی بۆ کشتوکاڵ و ئۆتۆمبێل دەبێت ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا