ئاسایش دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند

کوردستان 18/04/2021

Alternate Text

ئاسایشی راپەرین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێنج کەسیان بەتۆمەتی جیاواز لە ناوچەکەدا دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی نیسان ئاسایشی راپەڕین لە راگەیندراوێکدا رایگەیاند:"لە درێژەی کاروچالاکییە بەردەوامەکانی تیمەکانماندا بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و دەستگرتن بەسەر دراوی ساختەدا، دوای بەدەستهێنانی زانیاری دروست تیمەکانمان توانیان لە دوو چالاکی جیاوازدا پێنج تۆمەتبار دەستگیر بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد:"بەشی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هاوکاری ئاسایشی رانیە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد توانیان سێ کەس لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەردا دەستگیربکەن و لەئێستاشدا بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە بە پێی ماددەی ٣٠ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".

لە هەمان کاتدا ئاسایشی راپەڕین راشیگەیاند:" لە چالاکییەکی دیکەدا لە بازگەی دەربەند- سەرسیان، تیمەکانمان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بڕی ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزار دیناری عێراقی ساختەیان پێبووە، دوای ئاگادارکردنەوەی دادوەر بەپێی ماددەی ٢٨١ لە یاسای سزادانی عێراق، تۆمەتبارەکان راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە".

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا