لەبارەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ پێشمەرگە روونکردنەوە دەدرێت

کوردستان 18/04/2021

Alternate Text

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەواڵی دابین کردن ڤاکسین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە دوورە لە راستیەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی نیسان، د،رزگار عەلی، بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:" بڵاوبوونەوەی هەواڵی دابینکردنی ڤاکسین لە لایەن ئەمریکاوە لە چەندین ماڵپەڕ و کەناڵێکی میدیایی، بۆ لیوا تایبەتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵێکی ناڕاستە و ئەمریکا هیچ جۆرە ڤاکسینێکی بۆ هێزی پێشمەرگە دابیننەکردوە".

وتیشی:" سەرچاوەی فەرمی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوانن و لەوبارەیەوە هیچ هەواڵێکیان پێنەگەیشتوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی داوامان لە هاوپەیمانان کردوە بۆئەوەی ڤاکسین دابین بکەن بۆ هێزەکانمان، بەڵام تا ئێستا ئەم داوایە وەڵام نەدراوەتەوە".

بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشداوە:" هەرکاتێک وەڵامێکی ئەرێنیمان وەرگرت و ڤاکسینمان بەدەست گەیشت، ئەو کات بۆ کەناڵەکانی میدیا و خوشک و برا پێشمەرگەکانمان رایدەگەیەنین، جگە لەمە ئەوەی لە ماڵپەڕ و کەناڵەکانی میدیا بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە."

ئەم روونکردنەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە میدیا کوردیەکاندا هەواڵێک بڵاوبووەوە کە گوایە ئەمریکا ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ٣٠ هەزار پێشمەرگە دابین دەکات، بەڵام وەک ئاشکراکرا سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا