بەهۆی خێرایی لە رادەبەدەرەوە شەمەندەفەرێک لە وڵاتی میسڕ لەسەر رێڕەوی خۆی لایدا و زیاتر لە ١٠٠ کەس بەوهۆیەوە بوونە قوربانی.
ئێوارەی یەکشەممە ١٨ی نیسان، لە شاری بونها کە دەکەوێتە باکووری شاری قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسڕ، شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر لەسەر رێڕەوی خۆی لایدا و بەو هۆیەوە ٩٨ کەس برینداربوون و ١١ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
پێگە هەواڵییەکانی میسڕ رایانگەیاند:" تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە بە فەڕمی نەزانراوە، بەڵام گەشتیارە رزگاربووەکانی ناو شەمەندەفەرەکە ئاماژە بەوەدەکەن بەر لە روودانی رووداوەکە سەریان سوڕماوە لە خێرایی لە رادەبەدەری شەمەندەفەرەکە".
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەو وڵاتە لە ئێستادا نزیکە ١٠ کەس لە کارمەندان و شۆفێری شەمەندەفەرەکە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.