پاش پێنج رۆژ لە راگرتنی کارەکانی پاککردنەوەی قەزای چەمچەماڵ لە خۆڵ و
خاشاک لەلایەن کۆمپانیای شکار بەهۆی دواکەوتن لە خەرجکردنی پارەکانیان، ئەمڕۆ
گرفتەکە چارەسەرکرا و کۆمپانیاکە دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٩ی نیسان، رمک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە BMC راگەیاند:" بەهۆی دواکەوتن لە سەرفکردنی شایستە داراییەکانی
کۆمپانیای شکار کە ئەرکی پاککردنەوەی چەمچەماڵە لە خۆڵ و خاشاک، لە رۆژی ١٤ی ئەم
مانگەوە کۆمپانیاکە کارەکانی راگرتبوو، دواجار بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی و چەند
کەسێکی خەمخۆری قەزای چەمچەماڵ کێشەکە چارەسەرکرا و لەمڕۆوە ژینگەپارێزان دەست
بەکارەکانیان دەکەنەوە ".
ناوبراو راشیگەیاند:" هۆکاری دواکەوتن لە
سەرفکردنی پارەی کۆمپانیاکە هەندێک بابەتی کارگێڕییە و چەند کەسێکی خەمخۆری قەزای
چەمچەماڵ بەڵێنیاندا بە قەرز پارەی کۆمپانیاکە سەرف بکەن، پاشان کە حکومەت پارەکەی
خەرجکرد بدرێتەوە بەو کەسانەی کە ئێستا پارەکەیان دابینکردووە ".