بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە پێشتر هەشت فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند:" مەفرەزەكانی نوسینگەی رۆژئاوای بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە چەندین فەرمانی گرتنی هەبووەو لەكاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیراوە بەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر و چەكێك لە جۆری دەمانچە".
ئەوەش هاتووە:" دوای ئەوەی لەلایەن چەند هاوڵاتییەكەوە سكاڵا تۆمار كرا كە دزییان لێكراوە ، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا لەلایەن نوسینگەی ڕۆژئاوای بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە تۆمەتبار بناسرێتەوەو دەستگیربكرێت و لە كاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیراوە بەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ و پارچە چەكێكدا لە جۆری دەمانچە".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە:" تۆمەتبار (س ، ع ، ع ) لەدایكبووی ١٩٨٢، دانیشتوی شاری سلێمانی بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە گەڵیدا بەردەوامە و بەرلەدەستگیرکردنیشی هەشت فەرمانی گرتنی هەبووە".