میدیا بووەتە هۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن

ڕاپۆرت 19/04/2021

Alternate Text

بڕیاری کۆتایی هێنان بە ژیان یان خۆکوشتن پرسێکی نوێ نییە و لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤەوە ئەو حاڵەتە هەبووە، بەڵام ئەوەی کە بووەتە مەترسی خەریکە ئەو بابەتە لە هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و بەشیک لە دەزگا میدیاییەکانیش بە هۆکارێک بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بە تایبەت لە نێو ژنان دادەنرێن.

ئێستا هەواڵی گەرمی زۆربەی میدیاکان بووەتە هەواڵی خۆکوشتن و گرنگییەکی زۆر بە رووماڵکردنی ئەو دۆسیانە و وردەکاری رووداوەکان و هۆکارەکانی دەدرێت و تەنانەت هەندێک جار پرسەکانیشیان رووماڵ دەکرێن.

شنە بەرزنجی، میدیاکار و چالاکوانی مەدەنی بە BMC راگەیاند:" رۆڵی میدیا لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و میدیاکان هۆکارێکن بۆ زیادکردن و تەشەنەکردنی حاڵەتەکانی خۆکوشتن، جاری وا هەبووە دەزگا ئەمنییەکان نەگەیشتوون بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، رۆژنامەنووسی وا هەبووە بۆ ئەوەی یەکەم کەس بێت هەواڵی خۆکوشتنی کەسێک بڵاوبکاتەوە بەبێ هیچ زانیارییەکی فەرمی هەواڵەکە لە دەزگاکەی خۆی بڵاودەکاتەوە".

" لە زۆربەی دەزگا میدیاییەکان بانگەشە بۆ چۆنییەتی خۆکوشتنی کەسەکان دەکات و شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەو کردارە باس دەکات دواجار دەبێتە هاندان بۆ کەسانی دیکە هەمان ئەو کارە بکەن" شنە بەرزنجی وای وت.

ئەو میدیاکارە ژنە کە لەهەمان کاتدا مامۆستای یەکێک قوتاخانەکانی سلێمانییە، دەڵێت :" بڵاونەکردنەوەی هەواڵی خۆکوژی یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەیە کە کەناڵی BMC ناوێتی، هەندێک جار خوێندکارم هەبووە پێیان وتووم مامۆستا خۆکوشتن شتێکی زۆر ئاسانە رۆژانە لە ماڵپەڕ و دەزگا میدیاییەکان دەبینین خەڵک خۆی دەکوژێت ".

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە BMC وت:" ئەرکی سەرەکی میدیا هۆشیارکردنەوەی پێشاندانی رێگە راستەکانە، بەڵام هەندێکجار میدیا لە کاری خۆی لادەدات و ئەرکی راستەقینەی خۆی جێبەجێناکرێت و هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان لەکاتی روودانی حاڵەتەکانی خۆکوشتن تەنانەت روماڵی سەرقەبران و پرسەی ژنانیش دەکەن، ئەوە تەواو پێچەوانەی پرێنسیپەکانی میدیایە".

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی وتیشی:" لە حاڵەتی هەبوونی رووداوێکی خۆکوشتن دەکرێت دەزگا میدیاییەکان وەک هەر هەواڵێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکەن و زیاد لەقەبارەی خۆی گەورە نەکرێت و گرنگی زۆری پێنەدرێت ".

لەوبارەیەشەوە ئەڤین نەوزاد، بەرپرسی بەشی هەواڵی BMC رایگەیاند:" ئێمە لای خۆمانەوە، وەک ئەرکی ئەخلاقی و رۆژنامەوانی خۆمان بەدوورگرتووە لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک کە لەبارەی رووداوی خۆکوشتن و وردەکارییەکەیەوە بێت".

رۆژانە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی خۆکوشتن و توندوتیژی تادێت حاڵەتەکانیش روو لە زیادبوونە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی و گەورە بۆ چارەسەرکردن یان کەمکردنەوەی حاڵەتەکان نەنراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا