بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە رایگەیاند، بەهۆی شەڕە تەقەی نێوان دوو بنەماڵەوە لەسەر یەکێک لە شەقامەکان بارهەڵگرێک تووشی پێکدادان بووە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە و بەو لەسەر رووداوەکەش شەش تۆمەتبار دەستگیرکراون.
شەوی دووشەممە ١٩ی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند:" ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٦:١٥ خولەک بنکەی پۆلیسی هەریر ئاگادارکرانەوە لە بوونی رووداوێکی تەقەکردن لە رێگای نێوان هەولێر- باسرمە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"تیمێکی هێزەکانمان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆمان دەرکەوت کە لەسەر کێشەی زەویوزار کێشە کەوتووەتە نێوان دوو بنەماڵەوە و بەوهۆیەوە تەقە لەلایەن هەردوو بنەماڵەکەوە کراوە".
جەختیلەوەشکردەوە:"بەهۆی شەڕە تەقەی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەوە بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستداوە و خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی نیسان سەنیدا کێشاوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە شەقامەکەدا راگیرابوو و بەوهۆیەوە شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانلەدەستدا".
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند:" دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ شەش تۆمەتبار دەرکرد کە بەشداربوون لە رووداوەکە و لە ئێستادا بە پێی ماددەی ٢٤ی هاتووچۆ شەش تۆمەتبارەکە راگیراون و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان".