Alternate Text

وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیوەست بەڤاكسینەكان

د.عارف گۆران‌ 23/03/2021

نزیكەی شەش مانگ بەر لەئێستا لە پۆستێکدا باسی ئەوەمان کرد، کە بە تێپەربوونی کات خەڵک مەترسیەکانی بەرامبەر ڤاکسینەکان دەڕەوێتەوە، لەگەل سەرھەلدانی ئەو شەپۆلە نوێیەی کۆرۆنا تێبینی دەكرێت داخوازی لەسەر ڤاکسینەکان لە سەرانسەری جیھان زیادی کردووە ، نەك هەر خەڵكی ئاسایی بەڵكو گرووپەكانی دژە ڤاکسین و گروپە توندڕەوە ئاینیەکان لە ئەمریکاو جیھان بە کۆمەڵ ڤاکسین وەردەگرن! . ڕاستیە زانستیەکان بەڵگە نەویستن و ھیچ ھێزیکی تر ناتوانێت بەرگەی بگرێت، لە عێراق و کوردستان لە ئێستادا ڤاکسینەکان وەک پێویست لەبەردەست نین بەلام لە چەند ھەفتەو مانگی داھاتوو بڕێکی زۆر ڤاکسین دەگاتە عێراق وزۆربەی ئەو وڵاتانەی تاکو ئێستا بە رێژەیەکی زۆر کەم ڤاکسینیان وەرگرتووە، چونکە زۆرینەی خەڵک لە ئەوروپاو ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتوەو لەھەمان کاتدا کۆمپانیاکانی درووستکردنی ڤاکسین برێکی زیاتر لە ڤاکسین بەرھەم دەھێنن.
ڕۆژانە کۆمەلێک پرسیار رووبەرووم دەکرێتەوە ، بۆیە ھەوڵ ئەدەم لەم پۆستەدا وەلامی بەشێک لەو پرسیارانە بدەمەوە.
1-ئایا پێویست بە ھیچ پشکنینێک دەکات پێش ئەوەی ڤاکسین وەرگرم ؟ نەخێر پێویست بە ھیچ پشکنینێک ناکات لە پێش یاخود دوای وەرگرتنی ڤاکسین . ئەگەر نیشانەکانی کۆرۆنات نەبێت بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە پشکنینی پی سی ئار وپشکنینی خوێنی دژە تەن ناکات چونکە جگە لە بەھەدەردانی پارەو سەرلێشواندنی کەسەکە زیاتر ھیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت .
2-لە چ كاتێكدا مرۆڤ نابێت ڤاکسین وەربگرێت؟ ھەر کەسێک کە نیشانەکانی کۆرۆنای ھەبێت نابێت ڤاکسینەکان وەربگرێت تاکوو پەتاکە تێدەپەڕێنێت ، لەو کاتانەدا ئەگەر بکرێت پشکنینی پی سی ئار بکات بۆ دڵنیابوونەوە شتێکی باشە . وەک ھەر ڤاکسینێکی تر ئەگەر کەسەکە تاو لەرزی ھەبێت نابێت ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت.
3-من پێشتر تووشی کۆرۆنا بوومە ، ئایا پێویست دەكات ڤاکسین وەربگرم ؟ لە ھەموو جیھان ئەو کەسانەی کە پێشتریش تووشی کۆرۆنا بوونە ڤاکسین وەردەگرن ، تێبینی کراوە، کە زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا بە بەراورد لەگەل زنجیرەکانی پێشوو بە ڕێژەیەکی زیاتر تووشی ئەو کەسانە دەبێت، کە پێشتر تووشی پەتاکە بووینە، ھەر بۆیە زۆر گرنکە ھەموو کەسێک ڤاکسین وەبگرێت .
4-دەبێت ماوەی چەند بەسەر نەمانی پەتای كۆرۆنا تێپەڕیبێت تاوەكو كەسی چاكبووەوە بتوانێت ڤاكسین وەربگرێت؟ دوای تێپەڕینی چەند هەفتەیەك بەسەر پەتاكە دەكرێت ڤاكسین وەربگیرێت، هەرچەندە ئەگەری سەرلەنوێ تووشبوونەوە بە پەتاكە بۆ چەند مانگێک زۆر کەمە ، بەلام ئەگەر پەتاکەت تێپەڕاندووەو ناوت بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ھاتۆتەوە، دوو دلێ مەکەو ڤاکسینەکە وەربگرە.
5-ئایا ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵ، یاخود ھەر نەخۆشیەکی درئژخایەنی تری ھەیە دەکرێت ڤاکسین وەربگرێت؟ ھەموو کەسێک دەبێت ڤاكسین وەربگرێت، ئەوانەی ھەڵگری ھەندێک نەخۆشی درێژخایەنن وەک نەخۆشی شەکرە ، بەرزەفشاری خوێن یان تووشبوانی شێرپەنجە دەبێت پێش ھەموو کەسێک ڤاکسینەکان وەربگرن، چونکە لە کاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، ئەو كەسانە ئەگەری تێکچوونی دۆخی تەندروستیان لەكەسانی ئاسایی زیاترە. بە کورتی ھیچ حالەتێک یان نەخۆشیەک رێگر نیە لە وەرگرتنی ڤاکسین .
٦.ئایا پێویست دەکات پێش وەرگرتنی ڤاکسین ھیچ دەرمانێک بەکاربھێنم ؟ لە ھیچ شوێنێکی جیھان پێش یاخود دوای وەرگرتنی ڤاکسین، ھیچ دەرمانێک بەکار ناھێنرێت. ئەوانەی نەخۆشیان ھەیە دەبێت بەردەوام بن لە بەکارھێنانی دەرمانەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی ، پێویست بەوە ناکات ھیچ دەرمانێک رابگیرێت .
7-ئایا ئافرەتی دووگیان دەتوانێت ڤاکسین وەربگرێت ؟ بەلێ ، لێکۆڵینەوەی گەورە لەم بارەیەوە کراوەو ژمارەیەکی زۆری ئافرەتی دووگیان ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووەو دەرکەوتووە، کە سەلامەتە . لە ئێستادا وا باشە ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە ئافرەتانی دووگیان، ئافرەتی شیردەر دوای وەرگرتنی ڤاکسینیش دەتوانێت بەردەوام بێت لە شیردان بە کۆرپەکەی .
8-ئایا دەکرێت مندال ڤاکسین وەربگرێت؟ لە ئەمەریکاو ھەندێک وڵاتی ترڤاکسین دراوە بە ژمارەیەکی زۆری ئەو مندالانەی لەخوار تەمەنی شازدە ساڵیدان، لە زۆربەی ولاتانی تر ئەم پرسیارە بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە ھەرچەندە وا دەردەکەوێت، کە ڤاکسین بۆ منداڵیش سەلامەتە. بۆ ئێستا لە کوردستان ئەو بڕە کەمەی ڤاکسینەکان پێویستە بدرێت بە کەسانی بە تەمەن و ئەوانەی ھەڵگری نەخۆشین، ئەو مندالانەی ھەندێک نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، دەکرێت بە راوێژکاری لەگەل دکتۆر بڕیاری لەسەر بدرێت و لەو کاتەدا ناکرێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بۆ مندال بەکاربھێنرێت .
9- كام جۆری ڤاکسین لە هەمووان باشترە؟ لەکوردستان ڤاکسینی سینۆفارم وفایزەر وئەسترازێنیکا بەکاردەھێنرێت، لێکۆلینەوەکان دەردەخەن کەم ئەم سێ ڤاکسینە کاریگەرو سەلامەتن و لە لایەن رێکخراوی تەندرووستی جیھانی باوەرپێکراون، وا باشە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا نەدرێت بە کەسانی خوار تەمەنی پەنجا ساڵی چونکە كێشەی خوێن مەیین بەرێژەیەکی زیاتر لەو ڤاكسینەدا دەبینرێت، بە تایبەت لە ئافرەتان . دەکرێت وەک بەشێکی زۆری وولاتانی جیھان ئەسترازێنیکا بۆ کەسانی سەرووی پەنجا سالی تەرخان بکرێت .دەبێت ئەوە بگوترێت کە بۆی ھەیە لە چاوەروانی ڤاکسینێکی دیاریکراو کەسەکە تووشی پەتاکە بێت بۆیە من لەو باوەرەدام ھەر ڤاکسینێک لەبەردەست دابێت بەکاربھێنرێت.
10-کاریگەری ڤاکسینەکان بۆ ماوەی چەند دەمێنێت ؟ بەریتانیا پێش ھەر ولاتێکی تر لە جیھان ڤاکسینەکانی بەکارھێنا، لێکوڵینەوەکان وا دەردەخەن، کە دوای شەش مانگ لە وەرگرتنی ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکان رێژەی دژەتەن لە خوێن ھەندێک کەمی کردووە، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت، کە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە تێپەربوونی کات زیاتر بێت، بۆیە لە ھەندێک وولات پلانیان بۆ ئەوە داناوە بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسین بدەنە هاوڵاتیەكانیان، ئەوەی جێگای دڵخۆشیە، تێبینیکراوە ئەو کەسانەی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتوە، ئەگەر تووشی پەتاكەش بن بەتوندی نایگرن و ژمارەی مردن بە ھۆی کۆڕۆنا لەو کەسانەی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە .
11-ئایا ڤاکسینەکان جیلاتین یان پێکھاتەی بەرازیان تیادایە؟ نەخێر، بەھیچ شێوەیەک ھیچ یەکێک لە ڤاکسینەکان پێکھاتەی بەرازیان تیا نیە ، لە ھەموو وولاتە ئیسلامیەکان ئەو ڤاکسینانە بەکاردەھێنرێت .
12-ئایا دەکرێت بڕەژەمی دووەمی ڤاکسین لە جۆرێکی جیاواز بەکاربھێنرێت؟ لەرووی کرداریەوە بەکارھێنانی ڤاکسینێکی جیاواز لە برەژەمی دووەمدا ھیچ زیانێکی نیە . تاوەکو ئێستا زۆربەی وولاتان ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکە لە ھەمان جۆر بەکاردەھێنن . ئەگەر ھەمان جۆری ڤاکسینی یەکەم لەبەردەست نەبێت، ئەوە دەکرێت ژەمی دووەم جۆرێكی جیاواز بێت، لێکۆلینەوەی گەورە لەسەر ئەو بابەتە کراوەو دەرکەوتوە، کە بۆی ھەیە بەرگریەکی زیاتریش درووست بکات . بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ڤاکسینی ئەسترازێنیکای وەرگرتبێت، زۆر ئاساییە بۆ ژەمی دوەم فایزەر بەکاربھێنرێت بە تایبەت ئەگەر ڤاکسینی یەکەم لەبەردەست نەبێت و لەو ئەگەرەدا پێویستە پەیرەوی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی بکرێت.
13- بۆچی دوای چەند رۆژێك لە وەرگرتنی ڤاکسین تووشی کۆڕۆنا بووم ؟ ڤاکسین هەرگیز نابێتە ھۆی تووشبون بە پەتاکە ، دیارە ئەگەر کەسەکە بەرکەوتنی ھەبووبێت لە پێش یان دوای وەرگرتنی ڤاکسین ئەوا بۆی ھەیە نیشانەکانی پەتاکە چەند رۆژێک دوای ڤاکسین وەرگرتن دەربکەوێت.
14-ئایا ڤاکسینەکان دەبنە ھۆی نەزۆکی ؟ بۆ وەلامی ئەو پرسیارە لێکۆلینەوەکی گەورە لە ئەمریکا ئەنجامدرا ، دوای تێپەربوونی چەند مانگێک لە وەرگرتنی ڤاکسین تێبینی کراوە، کە ڤاکسین ھیچ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر ژمارەو چالاکی سپێرم نیە.
15-دوای وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسین تووشی کۆڕۆنا بووم ، ئایا پێویست دەکات ژەمی دووەم وەربگرم ؟ دوای تێپەربوونی پەتاکە بە چەند ھەفەتەکی کەم ئەتوانی ژەمی دووەمی ڤاکسین وەربگریت . لە راستیدا لێکۆلۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا بوونەو ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکە وەردەگرن ، بەرزترین رێژەی بەرگریان دەبێت.
16-ئایا ئەو کەسانەی بەرگریان کەمە دەتوانن ڤاکسین وەربگرن ؟ ھەندێک نەخۆشی ھەیە دەبێتە ھۆی دابەزینی رێژەی بەرگری، ھەروەھا بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان، وەک بەشێك لەو دەرمانانەی بۆ رۆماتیزم یان ئەو دەرمانانەی دوای چاندنی گورچیلە بەکاردەھێنرێت، دەبێتە ھۆی دابەزینی رێژەی بەرگری لەشی مرۆڤ ، تێبینی کراوە ئەو نەخۆشانە دوای وەرگرتنی ڤاکسین وەکو پێویست بەرگری درووست ناکەن ، بۆیە وا باشترە ئەو كەسانە بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن.
17-ئایا ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەی گۆراوی دەلتا هەیە ؟ ھەرچەندە ڤاکسینەکان بۆ جۆری یەکەمی کۆڕۆنا دروستکراون، بەلام ھەموو لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینەکان تاکوو ئێستا کاریگەرن بەرامبەر زنجیرە نوێیەکانی کۆرۆنا، بەلام بە رێژەیەکی ھەندێک کەمتر . لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن لە ئەگەری بازدانی نوێی ڤایرۆسەکە لە داھاتوودا، بۆی ھەیە کاریگەری ڤاکسینەکان کەمتر بێتەوە ، بەلام لەو ئەگەرەشدا ڤاکسینەکانی ئێن ئار ئەی لە ماوەی چەند ھەفتەیەک دەکرێت بەرھەم بھێنرێت بۆ ھەر ئەگەرێکی لەو شێوەیە.
١٨.ئایا ئاساییە ئافرەت لەكاتی سوڕی مانگانەیدا ڤاكسین وەربگرێت؟ بەلێ ئاساییە، چونکە ڤاکسین ھیچ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر سووڕی مانگانەدا نیە.
19-ئایا ئەو ئافرەتانەی حەبی مەنعی حەمل بەکاردەھێنن، دەكرێت ڤاكسین وەربگرن ؟ تەنانەت لە دۆخی ئاساییدا بەکارھێنانی حەبی مەنع بە یەکێک لە ھۆکارەکانی خوێن مەین دەناسرێت، بەلام پێویست بە راگرتنی حەب ناکات ، وا باشە ئەو کەسانە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەرنەگرن چونکە ئەگەری خوێن مەیین لەو تەمەنە ھەندێک زیاترە بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینەکانی تر .
20-.ئایا وەرگرتنی ڤاكسین ھیج کێشەیەک درووست دەکات ؟ بەشێک لەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن تووشی ھەندێک ئازار دەبن لە شوێنی کوتانەکە ، بۆی ھەیە کەسەکە تووشی تاو ئازارو سەرئێشەو لەش داھێزران ببێت، بەلام لە زۆربەی کاتەکان لە سێ رۆژ زیاتر ناخایەنێت ، بۆیە ئەگەر کەسێک ئەو نیشانانەی بۆ چوار رۆژ زیاتر بێت وا باشە سەردانی دکتۆر بكات. توندی ئەو نیشانانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، ئەگەر کەسێک دوای ئەوەی ڤاكسین وەردەگرێت ھیچ نیشانەیەکی لێ بەدیار نەكەوێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە ڤاکسینەکە کاریگەر نەبووە .
کوردستانیانی خۆشەویست بەو ھیوایەم لەنزیکترین دەرفەتدا ڤاکسین وەربگرن، چونکە ھەموو لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر جۆرە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا هەیەو رێژەی مردن لەو کەسانەی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، یاخود تەنھا یەک ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە . بەوھیوایەم ئەو پۆستە لای خۆتان شەیر بکەن چونکە دلنیام خەلکانێکی زۆر بەدوای وەلامی کۆمەلێک لەو پرسیارانەدا دەگەڕێت.