Alternate Text

کورد لەفیلمی ئێرانی و تورکیدا

هەژار سدیق‌ 23/03/2021

تورکیا لە ١٩١٤ و ئیران لە ١٩٣٠ و عیراقیش لە ١٩٤٦ فیلمی سینەماییان بەرهەمهێناوە.
ئێران و عیراق ، دەسپێکی بەرهەمەکانیان ، هونەری و مرۆڤدۆستانە بووە ، ئیران بەفیلمی (ئابی و ڕابی و کچە لوڕ)عیراقیش بەفیلمێکی هاوبەشی هونەرمەندانی عیراقی - میسری لەدەرهێنانی دەرهێنەری بەناوبانگی کورد ئەحمەد بەدرخان بەناوی قاهیرە-بەغداد ، دەستیان پێکردووە.
بەڵام تورکەکان دەستپێکی هونەری سینەماشیان ، هەر پەلاماردانی شۆڤینیانە بووە ، یەکەم فیلم بەناوی (کراسی ئاگرین) بووە ، بێگومان ئەم هونەرەشیان تێکەڵ بووە بەڕەگەزپەرستی کوێرانەو پەلاماردانی گەلانی دیکە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستاندا ،  سینەمای تورکی بەبەرنامەیەکی تایبەت  پەلاماری کۆمەڵگەی کوردی و سەرکردەکانی دەدات و بەخێڵەکی و ڕێگرو ژنکوژ وەسفیان دەکات.
ئەوەی لەفیلم و دراماکانیان دەری دەبڕن ، ڕای هەموو تورکە ، هەر لەبۆیاخچی پێلاوەوە تا دەگاتە سەرۆکەکانیان.
لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە ، لەشەڕی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلام(داعش) ئێران هاوکارو فریادڕەس بوو ، بۆ هەرێمی کوردستان ، بەڵام تورکیا تەماشاکەرو هاندەرو پاڵپشتیکاری داعش بوو.
لەڕووی سینەمایشدا ، لەڕێگەی کورتە فیلمێکدا ، ئێرانیەکان باسی ڕۆڵی بەهاناوەهاتنی کوردستان دەکەن ،  لەلایەن قاسم سلێمانیەوە ،  بەڵام بەحورمەتیشەوە بەهەرێمی کوردستان و بارزانی دەڵێن ئەگەر ئێمە فریاتان نەکەوتباین ، دووبارە دەگەڕانەوە کەمپەکانی ئاوارەیی.
ئێرانیەکان نەشۆڤینین و نە ئەوەندەش بێ ئەدەبن ، ڕۆژێك بەهەرێمی کوردستانیان نەگوتووە هەولێرو سلێمانی و کەرکوك و خانەقین خاکی ئیمپڕاتۆریەتی فارس بووە.
بێگومان لەهەردوو فیملەکەی ئێران و تورکیادا ، پارتی کراوەتە فیلم ، پێویستە پارتی پێش هەر پەرچەکردارێك ، حساباتێکی وورد لەوەزارەتی ڕۆشنبیریدا بکات لەم کابینانەی کە وەزیرەکە پارتی بووە ، بۆ ئەوەی بزانێت چەند ملیۆن دۆلار بەناوی فیلمی سینەمایی بەفیڕۆ دراوە ،  لەفیلمەکانیشدا ، با تێبگەین ، خۆمان کراوین بەفیلم ، یان ئێران و تورکیا ؟