Alternate Text

کێ خۆ فرۆش و جاھیلە ؟

د. ئیسماعیل نامیق‌ 23/03/2021

ئەوەی عەبدوڵا کردی، بیانوو و پاساوەکانی ھەرچیەک بن، لای من یەک تەفسیر زیاتر ھەڵناگرێت، ئەویش بریتیە لە تەسلیمبوون و کەوتن و شکان!!

چونکە کاک عەبدوڵا شەڕی فیکریی نەکردووە، تا بڵێین لەفکری خۆی پەشیمان بۆتەوە و قەناعەتی بەفیکری بەرامبەر ھێناوە.

ئێمە کەباسی ئەم بڕیارەی کاک عەبدوڵامان کردووە، رێزمان لەھاوڕێیەتی گرتووە و رەچاوی ئەوەمان کردووە ماوەیەکی دور و درێژ بەیەکەوە کارمان کردووە، بۆیە زۆر بەئەدەبەوە باسی ئەو بڕیارە خراپەمان کردووە، تا ئەو رادەیەی لەلایەن خەڵک و خزمیشەوە تۆمەتی پارتیبوونمان دراوەتە پاڵ.

بەڵام بەداخەوە کاک عەبدوڵا وەکو ئەوەی لەمەیدانی جەنگدا دەستبەسەرکرابێت!

لەتەنیشت کەمال کەرکوکیەوە خەتی راست و چەپی بەسەر رابردووی خۆی و ھەموو ھاوڕێکانیدا ھێنا، ھەموومانی بەجاھیل و خۆفرۆش ناوزەند کرد!!

کاک عەبدوڵا ئەزانم جاھیلەکەت لەبەر خاتری کامڵ بوونی وەلائت بۆ کاک کەمال و حیزبەکەی بەکار ھێنا، بەڵام بێزەحمەت پێمان ناڵێی خۆفرۆشەکەت لەرقی کێ بەکارھێنا؟

ھیوا دارم بەبەڵگەوە بڵاوی بکەیتەوە کێ و لەکێ پارە و ڤێلای وەرگرتووە؟

بێ منەت بە و دیاری بکە کێ خۆی فرۆشتووە، چونکە بەم قسەیەی ئەمڕۆت کۆی ھاوڕێکانت خستۆتە بەردەم نەشتەری نەیارە دڵڕەقەکانیان و گومانی یارە دڵپڕەکانیان!!

پێشتر وتوومە و ئەیڵێمەوە، ھەموو کەسێک ئازادە فیکر ئەگۆڕێت، حیزب ئەگۆڕێت، شەڕ ئەکات، یان تەسلیم ئەبێت. ھەروەھا گەواھی ئەدەم، عەبدوڵا بەم کارەی بەس خیانەتی لەخۆی کردووە، دەنا خیانەتی لەکەسی تر نەکردووە، چونکە نە لەحیزبێکی تردا بووە، تا بوترێت خیانەتی لەو حیزبە کردووە، نەپۆستی حکومی و پەرلەمانیشی ھەیە تا بوترێت خیانەتی لەخەڵک و دەنگی خەڵک کردووە.

بەڵام ئەو حوکمە گشتگیرەی ئەمڕۆ دای بەسەر کۆی ناڕازییەکاندا، ناحەقیەکی گەورەی تێدایە بەرامبەر ھاوڕێکانی، ھیوادارم راستی بکاتەوە.