Alternate Text

ھێرۆ خان و کەشتی نوحەکەی چیای ئەزمڕ

بڵێسە جەبار فەرمان‌ 23/03/2021

کورد دەوڵەمەندە لە رێزنەگرتن لەمێژووی خۆی ھەورەھا کۆڵەوارە لە نەناسینی ئێستای خۆی حەتمەن ئایندەشی یا وەک ئێستا ئەبێت یان وەک رابردووەکەی. خۆ ھەموومان ئەزانین مێژووی کوردستان پڕە لە شاعر و بیرمەندو ھونەرمەندی گەورەو پڕە لە تێکۆشەر مەزن. ھەرە زۆرینەی کەسایەتیەکانی ناو مێژووی کوردستان سەربازی ونن. لەکاتێکدا بە ئەوپەڕی لەخۆبوردەیی خزمەتی میلەتەکەیان کردوەو بێ ئەوەی لە لاپەڕەکانی مێژودا بۆ ھەمیشە زیندو بھێڵدرێنەوە. بەپێچەوانەی ئەمە ئێمە تەنیا میللەتین ھەمیشە کەسایەتیە جوانەکانیشمان ناشرین دەکەین. یان گەلەکەمان ئەوەندە ناخۆشی چێشت بەدەست ھەندێک دەسەڵات داری فاسد بێکەسایەتیەوە کە زۆرینەی کەسایەتە جوان و پاکەکانیش بە ناشرین ئەبینێ. ئەمە غەدرێکی گەورەیە بەڵام دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی کێشەکان. من ھەرگیز لەگەڵ پێاھەڵدان نەبووم و نیم. نمونە زۆرە، کاتێک کەسێک لە دەسەڵاتە بە سەدان شانامەو وتارو راپۆرت و بابەتی لەسەر دەنوسرێ و پیایا ھەڵدەدرێ.

ھەرئەوەندەی لە کورسی دەسەڵات دوردەکەوێتەوە ئیتر بۆ کەس وجودی نامێنێ ئەوانەی پیاھەڵدانیان ئەکرد پێیان قورسە بە وشەیەکیش یادی بکەنەوە. خەڵکی ماستاوچی و کاسەلێسی زۆر لەسەر ئەم بازاڕ گەرمیە بوون بەمەسئول و بەناو سەرکردەو وەزیرو گزیر. من باسی ھێرۆخان ناکەم وەکو پێشمەرگەی شارو شاخ و پارێزەری ژینگە و ئەرشیفی شاخ و سلێمانی و دامەزرێنەری چەندەھا رێکخراو.

من باسی وەفاداری ئەو ژنە ئەکەم بەرانبەر بە کولتوری کوردی و زیندوو راگرتنی سەربازە ونەکان. کەبەداخەوە نەخۆشی رێگای نادات بەردەوام بێ لەسەر کارە باشەکان. لێرەدا تەنھا باس لەیەک کاری ئەو دەکەم ئەویش بەرزراگرتنی ناوی نەجمەدین مەلایە. زۆرێک لە نەوەی ئێستا ناوی ئەویان نەبیستوە.خەڵکێکی زۆر کەشتی نوحەکەی سەر شاخی ئەزمڕیان دیوەو بەلایدا تێپەڕیون، بەڵام کەس لە خۆی نەپرسیوە ئەو کەشتیە چیەو؟ بۆ لەوێ دروست کراوە؟. ئەوە گۆڕی زانایەکی کوردی شاری رۆشنبیریە بەناوی نەجمەدین مەلا. ئەم روناکبیرە لە سلێمانی حوجرەیەكی کردۆتەوەو کردویەتی بە خوێندنگەیەكی تایبەت بۆ فێركردنی خوێندەواری. حوجرەکەی ناو ناوە "کەشتی نوح" ھەروەھا کتێبخانەیەکیشی لەو حوجرەیە دروستکردوەو ڕۆژنامە و کتێبی ئەو سەردەمەی تێدا فرۆشتوە. لەم حوجرەیەوە نەجمەدین مەلا نزیكەی حەوت ھەزار كەسی لەو سەردەمە تاریکە لە نەخوێندەواری ڕزگار كردوە.

بەمانایەکی تر فێری خوێندنی کوردی کردوە. ھەڵبەت مامۆستا نەجمەدین مەلا زۆر چاك زانیویەتی كە دەردی نەخوێندەوارییە میللەتی ئێمەی كۆڵەواری دواخستووە لەو جیھانە فراوانەی زانستدا. زۆر بە گەرمی و بە كوڵەوە پێشوازی لەقوتابیانی كردوەو ھەموو ڕۆژی تا پاش نوێژی خەوتنان لە قوتابخانەكەی (كەشتی نووح) وانەی بە قوتابییەكانی وتۆتەوە. لەساڵی ١٩٦٢ نەجمەدینی مەلا کۆچی دوایی ئەکات و لەسەر وەسیەتی خۆی لەسەر شاخی ئەزمڕ بەخاک ئەسپێردرێ. لەدوای زیاتر لەسی ساڵ هێرۆخان بۆ بەرز راگرتنی چاکەو خزمەتەکانی بیرۆکەی دروستکردنی کەشتی نوح لەسەر مەزارەکەی دەکاتە واقیعێکی جوان. بڕوام وایە بۆ ھەر رووداوێک دەرس و پەند ھەیە ئەگەر وەربگیرێت. ئەم بابەتە ھەڵگری سێ رەھەندە دەشێ باش دیراسە بکرێت، ئەویش ئەوەیە دوای دیار نەمانی ھێرۆخان و ھاوڕوئیاکانی لەگۆڕەپانەکە. بۆشاییەکی گەورە دروستبوە. یەکەم: ھەر گەلێک رابردووی خۆی نەزانێ، ئێستای خۆی تێناگات و ئایندەش مسۆگەر ناکات. ئەم قسەیە لەفەرھەنگی گەلاندا بە شێوازی جیاواز جیاواز ھەیە.

بەڵام کورد دیارە ھێشتا ئەو وتەیەی لەسەر ئەچەسپێ کە کەسایەتیەکانی خۆی زوو لەبیر ئەکات و قەدرزانینی نیە. قەدر زانینیش کەلتورە میلەتی وشیار خاوەنی تەقدیرن بۆ کەسایەتی و بەھرەمەندەکانیان. چاکەکانی ئەو سەرکردە ژنە وەک پێویست نابینرێ و نانرخێنرێت. لەھەمان کاتدا شوێن پێی ھەڵناگیرێت. دووەم: یەکێتی ئێستا کۆڵەوارە لە پێشکەش کردنی ئەو خزمەتە ھونەری و ئەدەبی و فەرھەنگی و کەلتوریەی جاران پێشکەشی دەکرد. لە رابردوو یەکێتی پشتگیری ھەموو شێوازەکانی رادەربڕینی دەکردو فەزایەکی زۆر فراوانی بۆ رەخنە خوڵقاندبوو ئێستا ئەو پشتگیریە نەماوە ئەو فەزایە بوەتە فەوزا. سێیەم: ئەگەر ھەر بەم جۆرە لە بێباکی بەرامبەر خزمەتەکانی رابردوو بەردەوامی بەسیاسەت بدرێت حەتمەن چاوەڕوانی ئایندەیەکی باش نابێ بکەین. ھێرۆخان وەک کەشتی نوح ھەموو جیاوازیەکان و ھەموو رەنگەکانی ئێستاو رابردووی لەپێناو ئایندەی باشتر کۆکردبوەوە.