١١ی سێپتێمبەر .. چیرۆکی ئەو کەسانەی کۆڵیاننەدا

جیهان 11/09/2021

Alternate Text

ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر رووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێدەپەڕێت کەبەهۆی چەند هێرشێکی تیرۆرستییەوە هەزاران ئەمریکی کوژران.

ئەمڕۆ شەممە، ١١ی ئەیلول، ٢٠ ساڵ بەسەر هێرشە تیرۆرستییەکانی رێکخراوی قاعیدە لە ١١ی سێپتمبەری ٢٠٠١ بۆ سەر تاوەرەکانی سەنتەری بازرگانی جیهانی لەنیویۆرک و باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" تێدەپەڕێت کەبەهۆی پێکدادانی ٣ فڕۆکەوە بەو تاوەر و باڵەخانانە زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی ئەمریکی کوژران.

لەکاتێکدا هەمووان لەباڵەخانەی پنتاگۆن لەشاشەی تەلەفیزۆنەکانەوە سەیری دیمەنی پێکدادانی دوو فڕۆکەکەیان بەتاوەرەکانی سەنتەری بازرگانی جیهانی لەنیویۆرک دەکرد، فڕۆکەی سێیەمی تیرۆرستانی قاعیدە، بەدیاریکراوی لەکاتژمێر ٩:٣٧ خولەکی بەیانی خۆی کێشا بەبەشی رۆژئاوای باڵەخانەی پنتاگۆندا و بەهۆیەوە ١٨٤ کەس کوژران و بەسەدان کەسیش برینداربوون.

لەناو ئەو ژمارە زۆرەی برینداراندا، حەوت کەس هەبوون کەزۆربەی جەستەیان سووتا بوو و گوازرابوونەوە بۆ سەنتەری چاودێری ورد لەنەخۆشخانەی واشنتن، پاش چەند رۆژێک مانەوە لەنەخۆشخانە یەکێک لەو حەوت کەسە گیانی لەدەستدا و ئەوانی دیکەش سەرەڕای ژمارەیەکی زۆر لەنەشتەرگەری، بەشێکی زۆری قژ و ئەندامەکانی جەستەیان بەهۆی بەرزی رێژەی سووتاوییەکەیانەوە لەدەستدا و توشی شێواویەکی تەواو هاتن لەرووخسار و جەستەیان.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست چیرۆکی سێ لەو حەوت کەسە دەگێڕێتەوە کەچۆن خۆڕاگر بوون لەبەرامبەر ئازار و شێواوی و تێکچوونی تەواوی جەستەیان و ئێستا یادی ٢٠ ساڵەی ئەو رووداوە دەکەنەوە.

جۆن ییتس – تەمەن ٧٠ ساڵ

تەنها پاش سێ هەفتە لەدەرچوونی لەنەخۆشخانە، جۆن گەڕابووەوە بۆ سەرکارەکەی سەرەڕای ئەوەی داواکاری گەڕانەوەکەی قبوڵنەکرابوو، بەڵام جۆن گەڕانەوەی بۆ سەرکارەکەی وەک رێزێک بۆ هاوڕێکانی دیکەی کەگیانیان لەدەستدا بوو و هەروەها وەک رووبەڕووبوونەوەیەک و وەستانەوە دژی تیرۆر و کۆڵنەدان لەژیان بینی.
جۆن بەهۆی هێرشەکانەوە و رێژەی ٪٣٥ی جەستەی سووتا بوو و تەواوی پێستی دەستەکانی گۆڕدرابوون بەپێستی بەشێکی دیکە لەجەستەی.
سەرەڕای ئەو شێواوی و ئازاری توشی هاتبوو، جۆن کۆڵی نەدا بۆ ماوەی ١٥ ساڵی دیکە لەپاش رووداوەکان لەپنتاگۆن وەک بەڕێوەبەری ئاسایشی باڵەخانەکە کاری کردوو دواجار لەساڵی ٢٠١٦دا خانەنشینبوو و ئێستا یادی ٢٠ ساڵەی ئەو رووداوانە دەکاتەوە.

لۆتیا هۆک - تەمەن ٧٣ ساڵ

لۆتیا رێژەی ٪٤٥ی جەستەی سووتا بوو و بەشێکی لای چەپی جەستەی و تەواوی پەنجەکانی دەستی چەپی لەدەستدابوو.
ئێستا پاش ٢٠ ساڵ لەو رووداوانە، لۆتیا دەڵێت:" قورسە لایەنە خراپەکانی ئەو رووداوانەم بیربکەوێتەوە و تەنها شتە باشەکانم بیرماوە کەخۆی لەچیرۆکی کۆڵنەدانمان دەبینێتەوە".
لۆتیا تەنها دوای چەند مانگێک لە١١ی سێپتێمبەر، ئاهەنگێکی سازکرد بەبۆنەی رزگابوونی و مانەوەی لەژیان و زیاتر لە ١٥٠ کەس بەو هاوڕێیانەی کە لەسەنتەری چاودێری وردی نەخۆشخانەش لەگەڵی بوون، ئامادەبوون.
لۆتیا دەشڵێت:" زۆر دڵخۆشبووم بەرزگاربوونم، دەبوو ئاهەنگ بگێڕم بۆ زیندوومانەوەم".
لویز رۆجەرس – تەمەن ٦٩ ساڵ

لویز هاوڵاتییەکی مەدەنی بوو و لەدووری ٤٢٠ میل لەباڵەخانەی پنتاگۆن دەژیا، بەڵام رۆژی ١١ی سێپتێمبەر بەکارێک چووبووە ئەوێ، وەک خۆی دەڵێت:" من زەرەرمەندترین کەس بووم کەلەو رووداوانە برینداربووبێتم و تائێستاش لەژیان مابێتم بەهۆی ئەوەی رێژەی سووتاوییەکەم زیاتر لە ٪٧٠یە و لەو رۆژەوە ٤١ نەشتەرگەرییم ئەنجامداوە".
دەشڵێت:" کەس پێی وانەبوو من رزگارم دەبێت، بەڵام رزگارمبوو و کۆڵمنەدا ئەوەتا یادی ٢٠ ساڵەی ئەو کارەساتە دەکەمەوە کەبەسەر من و وڵاتەکەمدا هات".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا