بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەی ھاوبەشمان دەبێت بۆ چاکسازی

کوردستان 13/10/2021

Alternate Text

 بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆیانی دەزانن و بەیەکەوە پڕۆژەی هاوبەشیان بۆ چاکسازی و خزمەتکردنی هاوڵاتییان دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و ئەو پەیامەی پێ گەیاند:" ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە ".
دەقی راگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی:

وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.
لەو سەردانەدا کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەژی ئەمین یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران و لەدانیشتنێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.
بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا روونیکردەوە یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین. ووتیشی دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان.
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین.
ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.
بافڵ تاڵەبانی دووپاتیشکردەوە لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا