ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک
کۆماری سوریا کاندید کردووە گەیشتە ١٤ کەس، کە بڕیارە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو
وڵاتە لە رۆژی ٢٦ مانگی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی نیسان، حمودە سەباغ، سەرۆکی ئەنجومەنی
گەلی سوریا رایگەیاند:" دادگای باڵای دەستوری سوریا ئەنجومەنی گەلی سوریای لە
کاندیدبوونی دوو کەسی دیکە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری سوریا ئاگادارکردەوە،
بەوەش ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە ١٤ کەس".
تاوەکو شەوی رابردوو ١٢ کەس خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە
کاندید کردبوو، کە دووانیان ئافرەتن و یەکێکی دیکەش بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئێستای
سوریایە.
بە گوێرەی دەستوری سوریا ئەو کەسەی خۆی بۆ وەرگرتنی
پۆستی سەرۆک کۆماری سوریا کاندید دەکات، پێویستە لایەنی کەم پاڵپشتی ٣٥ ئەندامی
ئەنجومەنی گەلی سوریا بەدەست بهێنێت.