وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە لوبنانەوە سێ مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و بەر لەوەی بگەنە ئامانج سەرجەم موشەکەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە تەقێندراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە ١٣ی ئایار، ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند:" سێ موشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و سەرجەم موشەکەکان لەلایەن سیستەمی دژە موشەکییەکانی ئیسرائیلەوە لەسەر دەریای سپی تەقێندراونەتەوە".
هاوکات میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، شەوی رابردوو چەند کاتژمێرێک فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی لوبنانەوە فڕیون و چاودێری ئەو وڵاتەیان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئاڵۆزی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا دروست بووە و چەند رۆژێکە ئەو دوو وڵاتە موشەک ئاراستەی ناوچەکانی یەکدی دەکەن و بە گوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی فەڵەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بوونەتە قوربانی.