شەوی رابردوو لە بەغداد کەسێک بەهۆی ئەوەی بانگی نەکردووە بۆ ئێوارەخوانێک، فیشەک دەنێت بە سەری هاوڕێکەیەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ ئایار، پۆلیسی بەغداد رایگەیاند:" لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر رابردوودا بەغداد سێ رووداوی ئەمنی بەخۆوە بینیوە، یەکێکیان کوژراوێکە کە فیشەک بەر سەری کەوتووە:"
پێگەی "بغداد الیوم" رایگەیاند:" قوربانییەکە لەلایەن هاوڕێیەکییەوە تەقەی لێکراوە و کێشەی نێوان دوو هاوڕێکە لەسەر ئەوەبووە کە قوربانییەکە ئێوارە خوانێکی بۆ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەی رێکخستووە و تەقەکەرەکەش دەچێتە ئێوارەخوانەکە و لەوێ لەگەڵ قوربانییەکە دەبێتە دەمەقاڵێیان، بەوهۆیەشەوە ئەو کەسەی بانگهێشت نەکراوە تەقە لەسەری هاوڕێکەی دەکات و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، کەسە پێکراوەکە گیانلەدەستدەدات".
پێگەی "بغداد الیوم" ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە هەڵهاتووە و هێشتا دەستگیر نەکراوە.