مونا قەهوەچی: پێویستە دەستوری هەرێم لەدرەوەی پەرلەمان کۆدەنگی لەسەر هەبێت

کوردستان 17/05/2021

Alternate Text

بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان ١٦ ساڵە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە دەستورێک ئامادە بکات، لە ئێستاشدا جارێکی دیکە هەوڵ بۆ ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەو دەستوورە هاتووەتە ئاراوە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ی ئایار، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە BMC راگەیاند:" لە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ لای لایەنەکان سەرجەم ئەو لایەنانە جەختیان لەسەر ئامادەکردنی دەستووری هەرێم کردەوە و سەرباری ئەوەی رۆژی ١٥ی ئەم مانگە دوا وادەبوو بۆ ئەوەی ئەم پرسە لە نێو فراکسیۆنەکان یەکلاببێتەوە، بەڵام تا ئێستا پرۆژەکە نەهاتووەتە پەرلەمانەوە ".

ناوبراو راشیگەیاند:" ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نوسراوێکی دیکەی ئاڕاستەی فراکسیۆنەکان کردووە بۆ ئەوەی سەرجەم حزبەکان لە رێگەی فراکسیۆنەکانیانەوە ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە ".

ئاماژەی بەوەشکرد:" پرۆژەکە پێویستی بە سازان و تەوافوق هەیە لەدەرەوەی پەرلەمانی کوردستان و پاشان دەبێت بهێندرێتە نێو پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت ".

سەبارەت بە بودجەی هەرێم سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وتیشی:" لە ئێستادا بودجەی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و نەبوونی ئەو بودجەیەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی پرۆژەکان و باری دارایی هەرێم هەبووە ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا