سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە بەرامبەر ئەگەری گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان بۆ مزگەوتی ئەقسا هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت" ئەرز و ئاسمانیان بەسەردا دەڕووخێنین".
لەدوای ئەوەی کۆمەڵێک گروپی توندڕەوی ئیسرائیلی بانگەشەیان بۆ خەڵکی ئیسرائیل کرد بۆ پێنجشەممەی داهاتوو بەشداری لە (ڕێپێوانی ئاڵاکان) بکەن لە قودس، یەحیا سنوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە، لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئەگەر ئیسرائیلییەکان بۆ مەبەستی دەستدرێژی بگەڕێنەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا، ئێمەش دەگەڕێینەوە و زەوی و ئاسمانیان بەسەردا دەڕووخێنین و لەلایەن ئێمەوە ئەم بابەتە جێی هیچ گومانێک نییە".
هاوکات ڕۆژنامەی "یدیعوت ئاحارانوت" بڵایکردووەتەوە کە بەشداربووان چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی پۆلیسنی ئیسرائیلن بۆ بەشداریکردن لەم ڕێپێوانەدا.
گرووپە توندڕەوەکانی ئیسرائیل بانگهێشتی خەڵکیان کردووە بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمی "ڕێپێوانی ئاڵاکان" کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە قودس بەڕێوەدەچێت، ئەم مەراسیمە بڕیاربوو مانگی ڕابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی و پاشانیش جەنگی ئەم دواییەی حەماس و ئیسرائیل و فشاری نێودەوڵەتی هەڵوەشایەوە.