بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی عێراق، بڕیاردراوە بە دەستگیرکردنی نۆ بەرپرسی عێراقی.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی حوزەیران، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند:" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نۆ بەرپرس لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق بە تۆمەتی لادان لە رێنماییەکان وکاری نایاسایی دەرکراوە".
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە:" لەو نۆ کەسە دوو کەسیان لە کەرکوکن کە پێکهاتوون لە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەن و ئەندامێکی پارێزگاکە، کە بە تۆمەتی لادان لە رێنماییەکان و پێشێلکاری لە خەرجیدا دەستگیرکراون".
لە ناو ئەو کەسانەدا کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە یەکێکیان پارێزگاری پێشووی بابلە بە تۆمەتی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان و دابینکردنی بودجە بەپێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەوانەشی کە ماونەتەوە سێ بەرپرسی پارێزگاکانی زەیقار و سێی موسڵن کە بەهەمان شێوە بە تۆمەتی پێشێلکاری رێنماییەکان کاریان کردووە.