مەسرور بارزانی: سەرۆک وەزیرانی یۆنان سەردانەکەمانی بۆ ئەو وڵاتە بە مێژوویی ناوبرد

کوردستان 11/06/2021

Alternate Text

مەسرور بارزانی رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی یۆنان سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ وڵاتەکەی بە سەردانێکی مێژوویی ناو بردووە.
ئەمڕۆ هەینی ١١ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە ئەسینا کۆبووە و لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد:" سەرۆک وەزیرانی یۆنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و بە سەردانێکی مێژوویی ناویبردووە".

ئەمەش دەقی بڵاوکراوەکەیەتی :

ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021،لە گەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان، لە ئەسینای پایتەخت کۆبووینەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکەمان تاووتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای ئەوەی ئاماژەماندا بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، خواستی هەرێمی کوردستانمان بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. هيواشمان خواست کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ببینین.
سەرۆک وەزیرانی یۆنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندا و بە سەردانێکی مێژوویی ناوبرد کە یەکەمجارە سەرۆک وەزیرانێکی هەرێمی کوردستان سەردانی یۆنان دەکات. سەرۆک وەزیرانی یۆنان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەشی بەوەدا کە بەم نزیکانە، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومی و وەبەرهێنەرانی یۆنانی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە بەگشتى، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕى داعش ، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوون .

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا