کورتە فیلمێکی گەنجێکی کورد دەگاتە قۆناغی کۆتایی بۆبردنەوەی پلەی یەکەمی خەڵاتی کەناڵی جەزیرەی دۆکیۆمێنتاری بۆ ساڵی ٢٠٢١ و داوای پشتگیری زیاتریش لە بینەرانی دەکات.
لە نێوان ٢٠٠ فیلم، لە دە یەکەمەکان دەرچووە
منداڵی دوای جەنگ ناوی ئەو کورتە فیلمەیە، کە گەنجێکی کورد بە ناوی کەهی تیتەب کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و بەشداری کردووە لە پێشبڕکێی کەناڵی جەزیرەی دۆکیۆمێنتاری، لە نێوان ٢٠٠ فیلم، لە دە یەکەمەکان دەرچووە و ئێستا لە پێشبڕکێدایە بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم، ئەویش لە رێگەی بەدەستهێنانی زۆرترین لایک لە سایتی یوتیوب.
ماوەی فیلمەکە چوار خولەکە، کە لەسەر چیرۆکی منداڵێکی خەڵکی موسڵە، دوای هاتنی داعش بۆ ناو شاری موسڵ خێزانەکەی هەڵدێن بەرەو کامپی پەنابەران
ماوەی فیلمەکە چوار خولەکە، کە لەسەر چیرۆکی منداڵێکی خەڵکی موسڵە، دوای هاتنی داعش بۆ ناو شاری موسڵ خێزانەکەی هەڵدێن بەرەو کامپی پەنابەران، وە دوای ئازادکردنی شاری موسڵ، باوکی دەگەڕێتەوە بۆ سۆراغ کردنی ماڵیان، بەڵام کاتێک دەچێتە ژورەوە مینێک کە لە لایەن داعشەوە دانرابو پێیوە دەتەقێتەوەو گیانی لەدەست دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەم خێزانە بێ بەخێوکەر بمێننەوە، کوڕە مناڵەکەی کە ناوی محەمەدە ناچار دەبێت ئەرکی بەخێوکردنی خێزانە پێنج کەسییەکەی کە دایکێک و چوار خۆشک و برای لەخۆی مناڵتر بگرێتە ئەستۆو، لە بازاڕی هەولێر بە عارەبانەیێکی بچوک کار بکات و شتومەکی کڕیاران بگوازێتەوە.
کەهی، تەمەنی ١٩ ساڵە و قوتابی بەشی سینەماو تەلەڤزیۆنە لە شاری ئیستانبوڵ،بەهۆی سەرکەوتنی لە ساڵی یەکەمی زانکۆ بە پلەیەکی بەرز، هاوکات لە بەشە سەرەکییەکەی بەشێکی تریش دەخوێنێت ئەویش بەشی راگەیاندنی مۆدێرن.
بە داخەوە تاوەکو ئێستا پشتگیریێکی بەهێزی خەڵکم بەدەست نەهێناوە
کەهی تیتەب دەڵێت:"من نوێنەرایەتی هەمو کوردستان دەکەم لەم پێشبڕکێیەدا، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئێستا پشتگیریێکی بەهێزی خەڵکم بەدەست نەهێناوەو لایکی پێویستم نیە، بە پێچەوانەوە سێ لە رکابەرەکانم کە لە سێ وڵاتی جیا بەشداریان کردووە پشتگیریێکی زۆریان لێ دەکرێت و لایکێکی زۆریان بەدەست هێناوە لە یوتیوبدا".