لە یەکێک لە دارستانەکانی روسیا، ژن و مێردێک بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بێ خواردن بەسەر درەختێکەوە گیردەخۆن.
لەو بارەیەوە ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ژن و مێردێکی روسی بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتێک روویان لە دارستانەکانی نزیک لە دوورگەی کامچاچکا لە رۆژهەڵاتی روسیا کردووە، دواتر پلانەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە ناچاری بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەسەر درەختێکەوە دەمێننەوە.
لە گەشتەکەیاندا بۆ قوڵایی ١١ میل دەچنە ناو دارستانەکە، کە لە رێگەکەدا ئۆتۆمبێلەکەیان بەجێدەهێڵن و بە پێ رێدەکەن، بەڵام دواتر ورچێکی گەورە دوایان دەکەوێت.
ئاژانسەکان ئاماژە بەوەشدەدەن:" ئەوان بە شێوەیەک لە ورچەکە ترساون کە بەپەلە خۆیان گەیاندووەتەوە درەختێک و بەسەر لقەکانیدا سەرکەوتوون، ئەویش تا لە مەترسی ئاژەڵەکە بەدوور بن".
ئەو دوو هاوسەرە لە کاتی گەشتەکەیاندا جانتایەک خواردنییان پێبووە، بەڵام کاتێک ورچەکە بەرەو رووی ئەوان رادەکات، بۆ ئەوەی سەرقاڵی بکەن تا بەسەر درەختەکەدا سەربکەون جانتا خواردنەکەی بۆ فڕێدەدن، لەو ماوەیەشدا ئەوان دەتوانن سەربکەون".
ژنەکە راشیگەیاندووە:" بۆ ماوەی ١٠ رۆژ کە بەسەر درەختەکەوە گیریان خواردووە ورچەکە دوور نەکەوتووەتەوە بەڵکو هەر لەوێ بووە و چاوەڕێی هاتنەخوارەوەیان بووە تا پەلاماریان بدات، بەڵام لە کۆتاییدا کاتێک چەند ئۆتۆمبێلێک لە نزیک ئەوان تێدەپەڕێت دەیانبینن و یارمەتییان دەدەن.