داواکاری گشتی کۆنیا: ١٠ کەس لەسەر دۆسیەی خێزانە کوردەکە دەستگیرکراون

جیهان 31/07/2021

Alternate Text

داواکاری گشتی شاری کۆنیا لە تورکیا رایگەیاند، ١٠ کەس لەسەر رووداوی کوشتنی سەرجەم ئەندامانی خێزانێکی کورد کە پێکهاتبوون لە حەوت کەس دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ شەممە ٣١ی تەمموز، داواکاری گشتی کۆنیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت لەسەر نەژاد پەرستی بووە.

هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوژمندارییەکی ١١ ساڵی

لەلایەکی دیکەشەوە، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوژمندارییەکی ١١ ساڵی، نەک هۆکارەکەی کێشەی نەژادی بێت وەک چۆن بڵاوبووەتەوە و پەیوەندی بە کێشەی کورد و تورکەوە نییە.

شایەنی باسە ئێوارەی دوێنێ هەینی ٣٠ی تەمموز، خێزانێکی حەوت کەسی کورد کە دانیشتووی ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا بوون لە تورکیا، لەلایەن گروپێکەوە هێرشیان کرایە سەر و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە کوژران، هەر پێشتریش ئەو خێزانە کوردە لە ١٢ی ئەم مانگەدا توشی رووداوێکی هاوشێوە ببوون، بەڵام لەو رووداوەیاندا سەرجەمیان بریندراکرابوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا