بافڵ تاڵەبانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێینەوە

کوردستان 31/07/2021

Alternate Text

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ عەلی باپی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٣١ی تەمموز، بافڵ تاڵەبانی، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆبووەوە، لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بافڵ تاڵەبانی، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق کرا و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.
ھەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانییان کردەوە بە ئاڕاستەی لێکنزیکردنەوەی زیاتر و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی. ھاوڕابوون کە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی کورد رێکبخرێتەوە و دوای ھەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ کاری پێکەوەیی تاوەکو ھەموو لایەنەکانی کورد لەچوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی لەبەغدا پێکەوە یەک پەیامی کوردستانی بگەیەننە عێراق و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی باس لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرا و بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی دەربارەی گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، رێڕەوی حیزبیی یەکێتی لەسەر شاڕێیەکی تەندروستی رێکخراوەییە و درێژە بە ھەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێینەوە. بە گیانی لێبوردەییەوە لەگەڵ ھەمووان پێکەوە درێژە بەخەبات دەدەین لەپێناو کوردستانێکی بەھێزتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان. جەختی لەوەش کردەوە گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی. بەم ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانمان لە ھەڵدێر پاراست.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا