جارێکی دیکە بزووتنەوەی تاڵیبان قەدەغەکردنی
وەرزشکردنی لەژنان و کچانی ئەفغانستان دووپاتکردەوە و وەک کارێکی "ناپێویست"
ئاماژەی پێکرا لەلایەن بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەکەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ی ئەیلول، ئەحمەدوڵڵا
واسق، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری تاڵیبان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (SBS)ی
ئوستراڵی رایگەیاند:" یاسا نوێیەکانی ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان رێگریدەکەن
لەوەرزشکردنی ژنان و کچانی وڵاتەکە و بەتایبەتی ئەو وەرزشانەی دەبنەهۆی دەرکەوتنی
جەستەیان و وەرزشکردن بۆ ژنان و کچان کارێکی پێویست نییە و جێی بایەخ نییە".
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا ئاخۆ رێگە بەژنان و کچان دەدرێت یاری کریکت بکەن،
ئەحمەدوڵڵا واسق وتی:" راستە کریکت وەک یاریەکی میللییە لەئەفغانستان، بەڵام
ئەمە مانای ئەوە نییە لەپێناو یارییەکدا یاساکانی ئاینی ئیسلام بشکێنن چونکە لەو
یاریەدا ژنان و کچان رووخسار و بەشێک لەجەستەیان داپۆشراو نابێت ئەمەش لەئاینی ئیسلامدا
رێگەپێنەدراوە".
وەرزش لەکارە پێویستەکان نییە بۆ ژنان و کچان لەئیسلامدا
جەختیشیکردەوە:" ئاینی ئیسلام رێگە بەژنان و کچان دەدات بچنە دەرەوەی
ماڵەکانیان تەنها بۆ کارە پێویستەکانی وەک: بازرگانیکردن و خوێندن، بەڵام وەرزش لەو
پێویستییانە نییە".
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی تاڵیبان
بەڵێنی ئەوەیان دابوو مافەکانی ژنان و کچان بپارێزن لەچوارچێوەی یاساکانی ئاینی
ئیسلامدا.