وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دوای چەند کاتژمێرێک ئاشکرادەکرێت.
دەبێت دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی سنوقەکان ئاشكرابکرێن
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ئەیلول، جومانە غلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" لە دادگاوە بڕیارێکدراوە کە دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی سنوقەکان ئاشكرابکرێن، کە ئەویش دەنگدانی گشتی و تایبەت دەگرێتەوە، ئێمەش وەک کۆمسیۆن پابەندی بڕیارەکە دەبین".
ئاماژەی بەوەشدا:" لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی وەرگرتووە کە بۆ رۆژی دەنگدان پێویستن، دوایین تاقیکردنەوەی ئەزموونی هەڵبژاردنیش کۆتا رۆژەکانی ئەم مانگەدا و بە ئامادەبوونی دەستەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە وا بڕیارە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا، واتە دوای کەمتر لە مانگێک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.