ئەمڕۆ لەسەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی
کوردستان، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ئەیلول، لەسەرجەم
قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا و
پێشتریش وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەکردبوو، جیاواز لە ساڵی رابردوو پرۆسەی
خوێندنی ئەمساڵ لەناو پۆلەکاندا دەبێت و سەرجەم رۆژەکانی هەفتە دەوامدەکرێت.
ماسک بەستن بۆ مامۆستایان ناچارییە و پێویستە سەرجەم مامۆستا وکارمەندانی ناو قوتابخانەکان لەکاتی دەوامکردندا ماسک ببەستن
دەستپێکردنەوەی خوێندن لەکاتێکدایە کە
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادایە، هەر بەوهۆکارەش وەزارەتی پەروەردە لە چەند رۆژی
رابردوودا رایگەیاند، ماسک بەستن بۆ مامۆستایان ناچارییە و پێویستە سەرجەم مامۆستا
وکارمەندانی ناو قوتابخانەکان لەکاتی دەوامکردندا ماسک ببەستن.
ساڵی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ
ماوەیەک دەرگای قوتابخانەکان داخران و بەشێکی پرۆسەی خوێندن تەواونەکرا، بۆیە
وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا لە چەند هەفتەیەکی لەسەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی ئەمساڵەوە
وەکو قەرەبووییەک بۆ ساڵی پار، خوێندکارەکان بەشێکی ئەو وانانەی پار بخوێنن کە
لەدەستیانچووبوو، بەڵام ئەم بڕیارە پۆلەکانی یەکی سەرەتایی وحەوت و ١٠ و ١١
ناگرێتەوە.
دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەرکێکی قورسبوو
هاوکات عومەر
محەمەد ئەمین یاردەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە BMC راگەیاند:"
دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەرکێکی قورسبوو، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ
وەزارەتی تەندروستی توانیمان پرۆسەکە دەستپێبکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" چوار بنکەی تەندروستیمان لە سلێمانی دابینکردووە تایبەت بە مامۆستایان بە مەبەستی وەرگرتنی ڤاکسین، هەوڵدەدەین زۆرترین مامۆستا ڤاکسین وەربگرێت".