"بودجەی ٢٠٢٢ لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا تەنها لە یەک حاڵەتدا پەسەند دەکرێت"

ئابوری 14/09/2021

Alternate Text

پەلەمانتارێکی عێراقی رایگەیاند، سەختە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ لەم خولەی پەرلەماندا پەسەند بکرێت، تەنها لە یەک حاڵەتدا نەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ئەیلول، جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند:" حکومەت لەبارەی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ قسەی کردووە، بەڵام تا ئێستا بۆ ئەنجومەنی وەزیران نەنێردراوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری، هەر بۆیە ئێمە لە ئێستادا نازانین قۆناغەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە گەیشتوون بە کوێ".

وتیشی:" دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١، ئەوا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام ئەم کارە و بەجێگەیاندنی لەم خولەی پەرلەماندا زۆر سەختە".

 ئەگەر هەڵبژاردنەکان دوانەخرێن ئەوا لەم خولەدا پڕۆژەیاسای ٢٠٢٢ پەسەند ناکرێت

ئاماژەی بەوەشدا:" لە پەرلەمان پڕۆژەیاسای ٢٠٢٢ پێویستی بە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم هەیە، دواتریش دەنگی لەسەر دەدرێت، کە بە لایەنی کەمەوە مانگێکی پێویست دەبێت، بەڵام بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا کە هەڵبژاردنی پێشوەختە کەمتر لە مانگێکی ماوە، واتا تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان کەمترە لە مانگێک، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنەکان دوانەخرێن ئەوا لەم خولەدا پڕۆژەیاسای ٢٠٢٢ پەسەند ناکرێت".

جەمال کۆچەر روونیشیکردەوە:" ئەگەر هەڵبژاردنەکان دوانەخرێن ئەوا ئەرکەکە دەچێتە سەر شانی خولی داهاتوو پەرلەمان، کە ئەوکاتیش دەبێت چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکرێت تا رەوانەی پەرلەمان بکرێت".

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا