یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی فەڵەستین چیرۆکی هەڵهاتنی لە گرتوخانە ئیسرائیلیەکە دەگێڕێتەوە

هەمەرەنگ 15/09/2021

Alternate Text

مەحمود عارزە، یەکێك لەو زیندانییە فەڵەستینیانەی کە رۆژی ٦ی ئەیلول لە گرتوخانەی جەلبوع لەگەڵ پێنج هاوڕێی هەڵهات، دوای دەستگیرکردنەوەی چیرۆکی هەڵهاتنەکەیان دەگێڕێتەوە.

رەسلان محاجنە، پارێزەری مەحمود عارزە لە زاری باریکارەکەیەوە کە دوای دەستگیرکردنەوەی سەردانی کردووە رایگەیاندووە:" عارزە و پێنج هاوڕێکەی بە ١٠ مانگ توانیویانە ئەو تونێلە درووستبکەن کە لە رێگەیەوە هەڵهاتوون، ئەویش کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو سەرقاڵی بوون تا ئەم مانگە، کە لە کۆتاییدا رۆژی ٦ی ئەیلول لە رێگەیەوە هەڵهاتن".

ئاماژەی بەوەشداوە:" دوای هەڵهاتنمان هەوڵماندا نەچینە ناو گوندە فەڵەستینییەکان لە ناوچەی ٤٨، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتییانە توشی کێشە نەکەین، هەر شەشیشمان تا گوندی ناعورە لە باکوری ئیسرائیل پێکەوە بووین، بەڵام دواتر لە مزگەوتی ئەو گوندە هەر دوو کەس پێکەوە جیا بووینەوە".

هەروەها وتوشییەتی:" ئێمە بە درێژایی ئەو رۆژانەی لە راکردندا بووین رادیۆیەکی بچوکمان پێبوو، کە لە رێگەیەوە ئاگاداری رووداوەکانی دەرەوە بووین، ئاگامان لە کاردانەوەی خەڵکی بوو کە بووە هۆی پاڵنەرێکی کاریگەر بۆ ئێمە".

لەبارەی دەستگیرکردنەوەیان، عارزە دەڵێت:" لە سەرەتای هەڵهاتنماندا هەوڵـماندا بگەینە رۆژئاوای فەڵەستین، بەڵام بەهۆی بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر سەرکەوتوو نەبوون، دەستگیرکردنیشمان بە رێکەوت بوو، بەهۆی ئەوەی کەسمان لەو شوێنە ئاگادارنەکردبووە کە بۆی دەڕۆین، بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس بە رێکەوت ئێمەی بینی دەستبەجێ دەستگیریان کردین".

ئەو زیندانییە دەستگیرکراوە ئەوەش دەڵێت:" لەو کاتەوەی دەستگیرکرامەتەوە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵم بەردەوامە، بە هاوکاری هیچ کەسێک هەڵنەهاتووین، بەڵکو من خاوەنی بیرۆکەی هەڵهاتن بووم و پلانەکەش خۆم دامنابوو، کە درووستکردنی تونێلەکە ١٠ مانگی خایاند و لەگەڵ تەوابوونیدا پلانەکەمان جێبەجێکرد".

شایەنی باسە رۆژی ٦ی ئاب، شەش زیندانی فەڵەستینی توانییان لە رێگەی تونێلێکەوە لە گرتووخانەی جەلبوع هەڵبێن، کە یەکێکە لە بەهێزترین و چڕترین گرتووخانەکانی ئیسرائیل لە رووی ئاسایش و توندییەوە، دوای پێنج رۆژیش حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند کە چوار لەو شەش هەڵهاتووە دەستگیرکراونەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا