ئەمڕۆ، کۆنگرەی بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی پاتە بە تاڵانبراوەکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە لەو میانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ئەیلول، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند:" داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەم کە هاوکارمان بن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی دزراون و براونەتە دەرەوەی عێراق، ناشبێت هیچ کەس و لایەنێک داڵدەی ئەوانە بکات کە سامانی عێراق دەبەنە دەرەوە یاخوود بەفیڕۆی دەدەن".
کازمی ئاماژەی بەوەشدا:" گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی وڵات نەخۆشییەکە کە توشی هەموو کۆمەڵگەیەک دەبێت، دەبێت بە جدی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت گەر نا بنبڕ ناکرێت".
لە سایەی رژێمی بەعسی دیکتاتۆردا بە ملیاران دۆلار دزراوە
وتیشی:" لە عێراق و لە سایەی رژێمی بەعسی دیکتاتۆردا بە ملیاران دۆلار دزراوە، هەروەها لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەمان کار بەردەوام بوو، بۆیە داوای ئەو پارانە دەکەین کە دزەیان پێکراوە بۆ دەرەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ و سبەی، کۆنگرەی بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت بە بەشداری چەند نێردەیەکی نێودەوڵەت، کە تێیدا داوا دەکرێت ئەو پارانەی پێش و پاش ساڵی ٢٠٠٣ دزراون بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.